نزیکەی 35 هەزار داری زەیتوونیان هەیە
گوندی هەرمۆتەی کۆیە دەوڵەمەند بە زەیتوون و زەیتەکەی
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
کریستیانانی گوندی هەرمۆتە لە سنوری قەزای کۆیە، بەرهەمێکی زۆری زەیتوونیان هەیە کە بە نزیکەی 35 هەزار داری زەیتوون دەخەمڵێنرێت، ساڵانە سەدان تۆن لە زەیتوون بەرهەم دەهێنن و بەشێکی لێ دەکەن بە زەیت.
هەر لە ساڵانی زووەوە باوباپیرانیان جوتیاری زەیتوون بوون و ئێستاش بەردەوامن لەسەری.
بەری زەیتوون کاتێک لە درەختەکەی لێدەکرێتەوە ئەگەر بفرۆشرێت گرانترینی کیلۆی بە 3500 تا 4000 هەزاردینارە و هەرزانترینیشی زەیتوونی دەنک وردە، کە کیلۆیەکی بە 1000 تا 1500 دینارە.
بە گشتی ئەو زەیتوونەی خەڵکی گوندی هەرمۆتە دەیفرۆشێ خۆشکراوە یان کراوە بە زەیت،نرخی دەبەیەک زەیتوونی خۆشکراو بە 10 تا 12 هەزارە و لیترێک لە زەیتەکەشی بە 20 هەزار دینارە
هەردوو جۆرەکەی(رەش و سەوز) خواستی زۆری لەسەرە و جوتیارەکان بەم شێوەیە دابەشیان کردووە.
زەیتوونی دەنک خڕ و بچوک دەکرێ بە زەیت، چونکە زەیتێکی باشتری لێ بەرهەم دێت بەراورد بە زەیتونی دەنک گەورە.
ئەوانەی دەنکەکانیان خڕە و کەمێک گەورەیە جا سەوز بێت یان رەش خۆشدەکرێت بۆ خواردن، کە ئەمەیان زۆرترین خواستی لەسەرە و بەتامترینیانە.
زەیتوونە حۆلە، ئەم جۆرەیان دەنکی گەورەیە و بەڵام وەک جوتیارەکان دەڵێن وەک زەیتوونە خڕەکە تامی خۆش نییە بۆ خواردن.
ئەو زەیتوونەی بۆ خواردن بەکەڵک دێت زووتر دەبێ لێبکرێتەوە، چونکە بگاتە وەرزی سەرما خۆی هەڵدەوەرێت، بەڵام ئەو زەیتوونەی کە دەنکی وردە و دەکرێت بە زەیت خۆڕاگرترە و تا مانگی دوو دەتوانێت بمێنێتەوە.
کریستیانەکانی هەرمۆتە تا ئێستاش هەر بە شێوازی کۆن و بە ئاو و خوێ زەیتوون خۆش دەکەن، بەڵام ناچارن بۆ درووستکردنی زەیتەکەی بەرهەمەکەیان بەرنە شارەکانی دیکە، چونکە تا ئێستا کارگەیەک لە ناوچەکەیان نییە
بۆ باشتر ناساندنی بەرهەمەکەیان و بەبازاڕکردن و هێنانی چاوی حکومەت و خزمەتگوزاری تایبەت بە جوتیارانی زەیتوون، دەستیان کرد بە فێستیڤاڵی زەیتوون و ئەمساڵیش یەکەم فیستیڤاڵیان ئەنجام دا.
زەیتوون بە یەکێک لە بەسوودترین بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دادەنرێت و ئایینە ئاسمانیەکانیش بە گرنگیەوە باسی ئەم بەرهەمەیان کردووە و توێژینەوە پزیشکیەکانیش بە بەرهەمێکی پڕ بایەخ وەسفی دەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر