هەقە پەڵە دواکەوت

جوتیاران چاویان لە رەحمى خوایە بارانیان بۆ ببارێنێت

964+
ئاکام غەفور- سۆران

لە هەرێمى کوردستان کاتى هەقە پەڵەیە و بارانیش هیچ دەنگى نییە، جوتیارانیش چاویان لە رەحمى خوایە بارانیان بۆ ببارێنێت.

هەموو ساڵێک ناوەڕاستى وەرزى پایز کە دەکات 5 و 6ـى مانگى 11، پێى دەوترێت هەقە پەڵە، واتا ئەوەندە باران باریبێت کە نزیکەى 30 سانتیمەترێک ئاو چووبێتە ناو زەوى و جوتیاران بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن و دەست بە وەشاندنى دەغڵ و دان بکەن، بەڵام ئەمساڵ هەقە پەڵە تێپەڕیو و تائێستاش یەک دڵۆپە باران زەوى تەڕ نەکردووە.

مەحمود حەمەد، جوتیارێکى دنیادیدەى سنوورى سۆرانە، بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: چاومان لە رەحمى خوایە باران ببارێنێت، چونکە بۆ ئێمەى جوتیار دڵۆپێک باران لە زێڕ بەنرخترە.

بەوتەى ئەو جوتیارە، دواکەوتنى بارانبارین، جگە لە زیان بۆ دەغڵ و دان، تەنانەت زیانى بۆ دارو درەخت و رەزو باخەکانیش دەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح