"دەفتەرێک 50 هەزار دیناری فەرقە"
دۆلاری سپی کێشەی یاسایی نییە بەڵام بەشێک لە مارکێتەکان وەریناگرن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە دۆلاری چاپی کۆن هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە بازاڕەکانی کوردستان بە زەحمەت مامەڵەی پێوە دەکرێت و لە هەندێک شوێن یان لێت وەرناگرن یا ناچار دەبی بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشی.
پەیامنێری 964 بەدواداچوونێکی وردی لەسەر ئەو بابەتە کردووە و بە 100 دۆلارییەکی چاپی 1996ـەوە چەند مارکێت و نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێری پایتەخت گەڕاوە، هەندێک لە مارکێتەکان ئامادە نین تەنانەت لێی وەربگرن و هەندێکیشیان دەڵێن، بە دوو هەزار دینار کەمتر لە دۆلارە شینە تازەکە وەریدەگرن.
مامەڵەی دۆلاری سپی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە و هەندێک لە خاوەن نوسینگەکان دەڵێن، دەفتەرێک دۆلار واتە 10 هەزار دۆلاری سپی، 50 هەزار دیناری فەرقە لەگەڵ دۆلاری شین و چاپی تازە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئاسایشی ئابووری دەڵێن، دۆلاری چاپی کۆن هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە و هەر کەسێک لە مامەڵەکردنیدا جیاوازی بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری