"تەندروستی هاوکارمان نییە"

کۆمپانیایەک لە کۆیە چوار مانگه موچەی کرێکارەکانی نەداوە

964+

دەریا ئەحمەد  – کۆیە

‌ ژمارەیەک کرێکاری کۆمپانیایەکی پاککەرەوە بە نوێنەرایەتی 170 کرێکار ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای کۆیە گردبوونەوە، کێشەکەیان ئەوە بوو کە چوار مانگە ئەو کۆمپانیایەی کاری بۆ دەکەن موچەی پێنەداون، سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکەش دەڵێت، “حکومەت پارەم بۆ خەرج ناکات و پارەی شەش مانگیان پێنەداوم، تەندروستی کۆیەش هاوکارمان نییە”.

هەژار نەجات سەرپەرشتیاری کۆمپانیایی لاست لیف لە کۆیە بە 964ـی وت، “ئێمە دەمێکە کاری پاککردنەوە دەکەین و ئەمساڵ بۆ چوارەم ساڵە لەگەڵ شارەوانی کۆیە کاردەکەین و تا ئێستا هیچ گرفتێکمان نەبووە، ئەمساڵ پاککردنەوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی کۆیەمان وەرگرتووە، بەڵام تا ئەم ساتە تەنیا پارەی چوار مانگی یەکەمیان پێداین و شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ خەرج نەکراوە”.

وتیشی، بۆ هەر مانگێک ئێمە گرێبەستێکی 90 ملیۆن دیناریمان لەگەڵ حکومەت هەیە و شەش مانگه هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکردووین و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەئەستۆی خۆمان پارەی دوو مانگی تری پاککەرەوەکانی نەخۆشخانەمان داوە و کۆی گشتی چوار موچەیان قەرزارین.

باسی لەوەش کرد، کە پێشتریش لەگەڵ شارەوانی کۆیە چەندجارێک روبەڕووی ئەو گرفتە بوونەتەوە و پارەیان بۆ خەرج نەکراوە، بەڵام هەرزوو سەرۆکی شارەوانی هاتووەتە سەرخەت و لەرێگەی وەزیری شارەوانییەوە گرفتەکەی بۆ چارەسەر کردوون و ئێستا هیچ پارەیەکی پاککەرەوەکانی شارەوانی قەرزار نین و هیچ گلەییشیان لێیان نییە، بەڵام تەندروستی کۆیه ئەو ئاسانکاریەیان بۆ ناکات و هاوکاریان نییە بۆ وەرگرتنی پارە لە حکومەتی هەرێم.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی پارەی کرێکارەکان و لێبڕینی 50 هەزار لە موچەکەیان، هەژار نەجات دەڵێت، من لەگەڵ کرێکارەکان دانیشتم و گرێبەستێکم لەگەڵ کردن لەبەرامبەر کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن لە هەشت کاتژمێرەوە بۆ پێنچ کاتژمێر، بڕی 350 هەزاریان پێدەدەم و ئەوانیش رازیبوون و ئامادەشین بۆ بەردەم دادگا بەپێی سکاڵاکەی تەندروستی کۆیە.

ئەم گرفتەم لەگەڵ شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیە باسکرد و ئەو بۆ 964 وتی، سەرپەرشتیاری کۆمپانیا ناتوانێت لەخۆیەوە گرێبەست لەگەڵ کارمەندەکانی خۆی بکات و پارەکەیان کەمکاتەوە، لە شارێکی وەکو کۆیە رەنگە کرێکار ناچاربێت بە 200 هەزاریش کاربکات، بۆیە ئەمە قبوڵکراو نییە و دەبێ چۆن لە گرێبەستەکە هاتوە کە 400 هەزارە، بەوشێوەیە پارەکەیان پێبدرێت و چەندجارێکیش لەسەر ئەمە ئاگادارمان کردووەتەوە بەڵام لەگەڵیدا نەگەیشتینە ئەنجام بۆیە دامان بە دادگا.

دەشڵێت، وەک تەندروستی کۆیە تەنیا بۆ ئەوەی پارەی کرێکارەکان بدرێت، رەزامەندی سێ مانگی تریشمان بۆکردووە تا بچێت پارە لە حکومەت وەرگرێت، بەڵام وا دیارە ئەو کۆمپانیاییە پابەندی مەرج و رێساکان نییە بۆیە ناچێت پارەکەی وەرگرێت.

بەهۆی ئەم گرفتەی نێوان تەندروستی کۆیە، کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەوە و بنکە تەندروستیەکانی کۆیە و تەقتەق، 170 کرێکار ماوەی چوار مانگە موچەیان پێنەدراوە و هەر ئەمەش ناچاری کردن کە ئەمڕۆ ژمارەیەکیان لەبەردەم دادگای کۆیە گردببنەوە و سکاڵا لەسەر کۆمپانیایی ناوبراو تۆمار بکەن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

چوار مانگە كار به‌ كرێكاره‌كان ده‌كات و یه‌ك دینار م...

چوار مانگە كار به‌ كرێكاره‌كان ده‌كات و یه‌ك دینار موچه‌ى پێنه‌داون