وەزارەتی پەیوەندییەكان بڕیاری دا

یاریی رۆبلۆكس لە عێراق قەدەغە كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق بڕیاری دا یاریی رۆبلۆكس لە عێراق قەدەغە بكات و رایانگەیاندووە، بڕیارە سووربوونە لەسەر پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگە و بەها ئەخلاقییەكان و پەروەردەی خێزان و منداڵان.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 19.10.2025 روونیكردەوە، بڕیاری قەدەغەكردنی یاریی رۆبلۆكس لە عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگە و بەها ئەخلاقییەكان و پەروەردەی خێزان و منداڵان و سەلامەتیی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێتە لە عێراق.

هەروەها هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕالی بڕیارەكە دراوە.

وەزارەتی پەیوەندییەكان دەڵێت: ” ئەم بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و چاودێریکردنی مەیدانی هات، کە دەرکەوت یارییەکە کۆمەڵێک مەترسی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و رەفتاریی لەسەرە، لەوانە رێگەدان بە پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان بەکارهێنەران، بەرکەوتنی منداڵان و هەرزەکاران بە هەوڵی ئیستغلالکردن یان هێرشی ئەلیكترۆنی، بەشێک لە ناوەڕۆکی یارییەکە دیمەن و رەفتارگەلێکی تێدایە کە پێچەوانەی بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانن، هەروەها بڵاوبوونەوەی لینکی ساختە و پلاتفۆرمە نافەرمییەکان هەیە کە بانگەشەی پێشکەشکردنی خەڵاتی ناو یارییەکە دەکەن، کە بۆ دزینی زانیاری کەسی و زانیاری بەکاردێت، هەروەها هانی بەکارهێنەران دەدەن بۆ دووبارە کڕینی ناو یارییەکە، ئەمەش بارگرانی دارایی لەسەر خێزانە عێراقییەکان دەسەپێنێت.

هەروەها باسی ئەوەش دەكەن، بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی یارییەکەوە حاڵەتەکانی ئالوودەبوون بە دیجیتاڵی و دابڕانی کۆمەڵایەتی لەناو بەکارهێنەرانی گەنجدا زیادی کردووە.

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، بەردەوام چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەپلیکەیشنەكە و یارییە ئەلیکترۆنییان دەكەن، كە رەنگە بەها ئەخلاقییەکان پێشێل بکەن، یان مەترسی لەسەر سەلامەتی بەکارهێنەران دروست بکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

رۆبلۆکس پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینە کە بەکارهێنەران دەتوانن یاریی دروست بکەن و یاری بە یارییەکانی یەکتر بکەن، وەک گۆڕەپانێکی یاریی گەورەیە کە ملیۆنان یاری جۆراوجۆری تێدایە، هەموویان لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دروستکراون.

خۆتۆمارکردنی بەلاش نەما فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکەش بوو بە ...

خۆتۆمارکردنی بەلاش نەما فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکەش بوو بە پارە