دیواری پارکێک لە دهۆک بووەتە شوێنی لافیتەی مردوو
964+
زەید کۆچەر -دهۆک
دیواری پارکی ئەحمەدی خانی لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، بووەتە شوێنی هەڵواسینی لافیتەی کۆمپانیا و مردووەکان، شارەوانی دهۆک دەڵێت، ئەو کەسانە بێ هیچ مۆڵەتێک ئەو لافیتانە هەڵدەواسن.
بە تەنیشت ئەو دیوارەی لافیتەی مردوو، هەروەها ریکلامی کۆمپانیاکانی لێ هەڵدەواسرێت، پەیکەرێکی ئەحمەدی خانی شاعیريش هەیە.
تۆری 964 سەبارەت بە بوونی ئەو دیاردەیە پرسیاری لە سەردانیکەرانی پارکەکە کرد، هەموو ئەوانەی قسەیان بۆ کردین، نیگەرانی هەڵواسینی لافیتە بوون بە دیواری پارکەکە، تەنانەت هەندێکیان دەیانوت کۆمپانیاکان ئەوەیان بە دەرفەت زانیوە لە پاڵ لافیتەی مردوو، ریکلامی کۆمپانیاکانیان هەڵدەواسن.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی پارێزگای دهۆک، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد، ئەو دەڵێت: پێشتر کار لەسەر ئەم بابەتە کراوە، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە.
بە وتەی ئیسماعیل، شارەوانی بۆیە جدی نییە لە بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە، چونکە کەسی خاوەن مردوو پێویستی بە رەچاوکردنی هەست هەیە لەو کاتەدا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی دەڵێت، هەوڵ هەیە شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت.
پارکی ئەحمەدی خانی، لە چەقی بازاڕی دهۆکە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر بەتایبەت ئەوانەی هاموشۆی بازاڕ دەکەن سەردانی ئەو پارکە دەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی