"بە دەمانچە هەڕەشەی کردووە"
لە پۆلیس رایکرد میکسەرێکی رفاند و لە تونێڵی پێشڕەو وەرگەڕا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە سلێمانی داواکراوێک لە دەستی پۆلیس رایکرد، بە هەڕەشە میکسەرێکی لە یەکێک لە شۆفێرەکانی کۆمپانیای کۆنکریتی هێمن رفاند و لە بەردەم تونێڵی پێشڕەو بەهۆی خێرایی زۆرەوە وەرگەڕا.
دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە 964ـی وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە یەکێک لە میکسەرەکانی کۆمپانیاکەمان تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە لە تونێڵی پێشڕەو، دوای ئەوەی لەگەڵ پۆلیس قسەمان کرد بۆمان دەرکەوت کە ئەو کەسەی تووشی رووداوەکە بووە، داواکراو بووە لەلایەن پۆلیسەوە و رایکردووە، بە دەمانچە هەڕەشەی لە شۆفێرەکەی ئێمە کردووە و میکسەرەکەی بردووە و رایکردووە.
وتیشی، ئەوان داوای یاساییان لەسەر ئەو تۆمەتبارە تۆمار کردووە و شۆفێرەکەش بەهۆی ئەوەی لەلایەنی دەروونییەوە زۆر کاریگەر بووە بە رووداوەکە داوای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە.
تۆمەتبارەکە بەهۆی رووداوەکەوە برینداربوو، بەهۆی ئەو رۆنەشی کە رژابووە سەر شەقامەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک رێگەکە داخرا، بەڵام هەر زوو تیمەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگەکە پاککرایەوە و هاتوچۆ لە شەقامەکە دەستیپێکردەوە
پێداچوونەوە: ژێوار خدر