دوای 26 رۆژ رێگەی گوندەکانی بناری قەندیل پاککرانەوە
964+
مەجید بيتوێنی
دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە، سەرجەم ناوچە شاخاوی و کوێستانەکانی سپیپۆش کرد، لە هەندێک ناوچە مەترێک بۆ دوو مەتر بەفر باری، بەو هۆیەوە ڕێگەی سەرجەم گوندەکانی بناری قەندیل داخرابوون.
شێردڵ ئیبراهیم، سەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەهۆی زۆری و بەردەوامی بەفربارین لەبناری قەندیل ئامێرەکانیان تەنیا توانیان رێگەی سەرەکی بناری قەندیل پاکبکەنەوە.
وتیشی، بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر دوای 26 ڕۆژ لە رێگاگیرانیان تواندرا سەرجەم رێگای گوندەکان لە بەفر پاکبکرێتەوە، ئاماژەشی بەوەکرد ئەمڕۆ سێشەممە 28ی شوبات دوا گوند رێگای قرناقا و پشتئاشان پاکدەکرێتەوە کە یەک مەتر بەفری تێدا باریوە.
ساڵانە لە وەرزی زستاندا و بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە، رێگەی هەریەک لە گوندەکانی، قرناقا، پشتئاشان، رەژوکەریان، مارەد، رەزگە، کاسکان، بۆڵێ و گۆپنگە لە سنووری بناری قەندیل بە بەفر دەگیرێت و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی