سەندیكا نیگەرانە لە رەفتاری هەندێك پارێزەر
پارێزەران لێدوانیان بۆ میدیا لێ قەدەغە کرا
964+
هێڤی دێوالی- دهۆك
سەندیكای پارێزەران لێدوان بۆ میدیاكان لە پارێزەران قەدەغە دەکات و دەڵێت، تا دۆسیەکان لە دادگا تەواو نەبن بۆیان نییە قسە بکەن.
بەپێی نووسراوێک کە دەست تۆڕى964 کەوتووە، لقی دهۆکی سەندیکای پارێزەرانی دهۆک داوا لە پارێزەران دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە لێدوان بۆ میدیاکان.
نووسراوەکەی لقی دهۆک کە شەوی رابردوو لە پەیجی فەرمی خۆیان لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دلێر بەکر، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکاکە دەڵێت: پارێزەران پێش ئەوەی دۆسیەیەكانیان لە دادگا بڕیاری کۆتایی وەرنهگرێت، نابێت لێدوان بۆ میدیاكان بدەن، تا رێرەوی یاسایی و لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەكەدا تەواو دەبێت.
لەبارەی بڕیارەکەوە دلێر بەكر، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە تۆڕى964ـی وت، لەڕووی یاساییەوە هەڵەیە پێش تەواوبوونی لێكۆڵینەوە كار لەسەر دۆسیەكان بكرێت، لەبەرئەوەی كاریگەری لەسەر رەوتی لێكۆڵینەوەكان دەبێت.
ئەو بڕیارەی لقی دهۆکی سەندیکای پارێزەران لای هەندێک پارێزەر رەخنەی لێگیراوە بەوەی بڕیارەکە رێگرییە لە ئازادی رادەربڕین.
بەڵام سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای پارێزەران ئەوە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە مەبەست لە بڕیارەکە دوورخستنەوەی پارێزەران نییە لە میدیاكان، بەڵکو “دەمانەوێت پارێزەران بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵە بكەن و هەتا دۆسیەیەك تەواو نەبێت نابێت قسەی لەسەر بكەن”.