بارهەڵگرەكەی لە ئاگری بەنزینخانەی لاپ سووتا
“چاومان لە قەرەبووە و سێ دەفتەر زیانمان كردووە”
964+
عەبدولعەزیز خالند
لە ئاگرەكەی ئەمڕۆی بەنزینخانەی لاپ لە هەولێر، بارهەڵگرێك كە لە نزیك بەنزیخانەكە بوو، ئاگری گرت و سووتا، خاوەنەكەی دەڵێت هاتووە قورتاری بكات، بەڵام پێی نەكراوە.
عەبدولسەمەد محەمەد خاوەن بارهەڵگرەكەیە و بە 964ی وت، “هاتم بارهەڵگرەكە قورتار بكەم، بەڵام پێم نەكرا و ئاگری گرت”.
ئەو رۆژانە بارهەڵگرەكەی لەوێ رادەگرێ، كە گۆڕەپانێكە لە بەردەم بەنزینخانەكە و رۆژێك لە رۆژان بیری بۆ ئەوە نەدەچوو تووشی ئەو وەزعە ببێت.
ئەو دەڵێت، بارهەڵگرەكە هی مامیەتی و ئەو ئیشی پێدەكات و ژیانی خێزانەكەی و كەسێكی دیكەشی لەسەرە، كە شۆفێرە، دەشڵێت، “زیانی سێ دەفتەر دۆلامان پێكەتییە و چاومان لە قەرەبووە، ئەگەر نەشكرا، ئەوە هیچ”.
عەبدولسەمەد سەرەڕای زیانی خۆی، دەڵێت، خۆزگە كارمەندەكانی بەنزینخانەكە هیچیان لێ نەهاتبایە، چونكە شەش كەس بریندارن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 4.10.2025 ئاگر لە بەنزینخانەی لاپ لە گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر كەوتەوە و تەقینەوەی گەورەش بیسترا، ئەمە جگە لە ئاگر و دووكەڵەكەی، كە بەری ئاسمانی گرت، لە ئەنجامیشدا شەش كارمەندی بەنزینخانەكە بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسین، هەروەها دوو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێكی تاكسی و خەزانی بەنزینخانەش سووتان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا