چاوەڕواندەکرێت 19 هەزار تۆن بەرهەم بهێنێت
وەرزی دروێنەی برنج لە ئامێدی دەستیپێکرد
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
جوتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک دەستیان بە دروێنەی برنجی خۆماڵی کردووە، کشتوکاڵی دهۆک پێشبینی دەکات ئەمساڵ بەرهەم بگاتە 19 هەزار تۆن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کەمبارانییەوە رووبەری چێنراو کەمتر بووە لە ساڵانی رابردوو.
ئاکرێ پێشەنگی چاندنی برنجە
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، “پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بەرهەمی برنجی خۆماڵی 19 هەزار تۆن بێت، بەڵام بەهۆی کەمبارانییەوە جوتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر برنجیان چاندووە.
وتیشی، لە سنووری پارێزگای دهۆک، زۆرترین رێژەی چاندنی برنج لە قەزای ئاکرێیە و دوای ئەویش قەزاکانی دهۆک، بەردەڕەش و ئامێدی دێن.
قەزای ئامێدی بەهۆی کەشوهەوا ساردەکەی و رێژەی زیاتری بارانبارین، بووەتە شوێنێکی لەبار بۆ چاندنی جۆرەکانی برنجی شەش مانگی و دەنک درێژ، بە تایبەتی لە ناحیەی دێرەلوک کە 95%ـی جوتیارەکانی گوندەکانی برنج دەچێنن، لە ئێستاشدا جوتیارانی ناوچەکە سەرقاڵی دروێنەوەی بەرهەمی برنجی شەش مانگین و خەریکی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیانن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر