قسەی خانەشینێک لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەدا
“نوێژی بەیانیم کرد و هاتمە بەردەم بانک؛ هێشتا موچەکەم وەرنەگرتووە”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
خانەنشینێکی گەرمیان دوای بانگی بەیانی چووەتە بەردەم بانک بۆ ئەوەی موچەکەی وەربگرێت، بەڵام وا لە بانگی نیوەڕۆ نزیک دەبینەوە و هێشتا لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 2.10.2025 دەستکرا بە وەرگرتنی موچەی مانگی 7ـی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ئیبراھیم محەمەد خانەنشینە و بە 964ى وت،”بەیانی زوو نوێژم کرد و هاتم، نەخۆشم و وتم با نەبمە ژێرپێوە، کەچی بەو حاڵەشەوە ھەر خەڵکێکی زۆر کەوتە پێشم”.
“نازانم کەی موچەکەم وەردەگرم، لەوانەیە بۆ نیوەڕۆش سەرەم نەیەت، خۆم و خێزانەکەشم نەخۆشین، کوڕەکەم کرێکاری دەکات گیانمان بەوەیە یارمەتیمان دەدات”، ئیبراھیم محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو موچەیەی وەری دەگرێت بەشی بژێوی ژیانیان ناکات، دەبێت ھەمووی بداتەوە بە قەرز و بۆ خەرجی ئەم مانگەشیان، دەبێت دوبارە بچێتەوە لە بازاڕ قەرز بکاتەوە.
دوێنێ چوارشەممە 1.10.2025 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان خشتەی موچەی مانگی 7ـی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە دەبێت تا یەکشەممەی داهاتوو موچەی هەموو موچەخۆران دابەش بکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری