ئاگاتان لە دڵى یەکترى بێت

نەخۆشییەکانى دڵ؛ بکوژى یەکەمن لە جیهاندا

964+

وریا فەتاح

نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک هۆکاری سەرەکیی مردن لەسەر ئاستی جیهان ناسراون، ئەم نەخۆشییانە کۆمەڵێک حاڵەتی تەندروستی دەگرنەوە کە کاریگەرییان لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان هەیە، وەک نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، و جەڵتەی مێشک.

ئەمڕۆ 29ـى ئەیلول، رۆژى جیهانى تەندروستى دڵە

دروشمی ئەمساڵ: “لێدانێک لەدەست مەدە”

رۆژی جیهانیی تەندروستى دڵ، ئەمساڵ لەژێر دروشمی “لێدانێک لەدەست مەدە” بەڕێوەدەچێت، کە جەخت لەسەر گرنگیی گرنگیدان بە تەندروستیی دڵ و نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە دەکاتەوە.

بەپێى ئامارى تەندروستى جیهانى، لە 2023دا، ژمارەی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە جیهاندا گەیشتە 620 ملیۆن کەس.

تەندروستى جیهانى، نەخۆشیى بەرزیى پەستانى خوێن، نەخۆشى خوێنبەرەکانى دڵ و جەڵتەى مێشک، بڵاوترین جۆرەکانى نەخۆشییەکانى دڵن.

بەپێى ئامارى رێکخراوى تەندروستى جیهانى و یەکێتیی جیهانیی دڵ، نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن هۆکاری یەکەمی مردنن لەسەر ئاستی جیهان، بەشێوەیەک لە 2021 دا، نزیکەى 20.5 ملیۆن کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە یەکسانە بە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی مردنەکان لە جیهاندا.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە کە ساڵانە بە مەزەندە 17.9 ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە دەمرن.

ئاشکراشى کردووە، نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ بە تەنیا هۆکاری مردنی 9.1 ملیۆن کەس بووە لە ساڵی 2021.

یەکێتى جیهانى دڵ زانیارى ورد دەخاتەڕوو و روونى کردووەتەوە کە لە 2021، رۆژانە 56 هەزار کەس بەهۆى نەخۆشییەکانى دڵ و لوولەکانى خوێنەوە گیان لەدەست دەدەن.

تەندروستى جیهانى روونیشى کردووەتەوە کە زیاتر لە سێ لەسەر چواری (75٪)ـى مردنەکان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا روودەدەن.

"برمەکەى من بەرى دڵ ناگرێت"