گەمارۆکانی سەر ئێران گەڕانەوە و دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەتەواوەتی داخرا
ئەمریکا: رێگای دانوستان بەردەوام کراوەیە
گەمارۆکانی سەر ئێران گەڕانەوە و دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەتەواوەتی داخرا
964+
شۆڕش قادری
گەمارۆکانی سەر ئێران گەڕانەوە و دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەتەواوەتی داخرا، ئەمریکاش دەڵێت، گەڕانەوەی گەمارۆکان بە مانای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی نییە و رێگای دانوستان بەڕووی تاران کراوەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.9.2025 و دوای یەک دەیە، گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران کە بەپێی رێکەوتننامەی ئەتۆمی هەڵپەسێردرابوون، چالاک کرانەوە و دۆسیەی رێککەوتنەکە بەشێوەکەی فەرمی داخرا.
رۆژی هەینی چین و روسیا ویستیان لەڕێی رەشنووسێکەوە گەڕاندەوەی گەمارۆکان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە دوابخەن، بەڵام بە دەنگی نەخێری نۆ وڵات لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەوڵەکەیان شکستی هێنا.
دوای گەڕانەوەی گەمارۆکان بەرپرسانی ئێران ناڕەزاییان دەربڕی و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، لێدان و گۆشەگیر کردنی ئێران مایەی قبوڵکردن نییە.
وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش هۆشداریان دایە ئێران و داوایان لێکرد، خۆ لە بڕیاری هەڵەشە و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بەدوور بگرێت.
هاوکات مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەڕانەوەی سزاکان بەمانای کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی نییە و هەمووکات رێگای گفتوگۆ و دانوستان بەڕووی ئێران کراوەیە.
گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی واتە، دارایی و پارەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دووبارە بلۆک دەکرێنەوە، فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بەو وڵاتە رادەگیرێت کە رێگە لە پەرەپێدانی بەرنامە موشەکییەکەی دەگرێت و بەوەش ئابووری ئێران زیاتر لە جاران دەچێتە ژێر گوشارەوە، وەک یەکەم کاریگەریش، بەهای تمەن داڕمانێکی مێژوویی تۆمار کرد و 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ زیاتر لە 11 ملیۆن تمەن بەرزبووەوە کە پێشبینی دەکرێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.