کۆنگرەی پارتی ٢٥٠ دەفتەر دۆلاری خستە بازاڕەوە
میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک
بەهۆی بەستنی کۆنگرەی پارتی لە شاری دهۆک، هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار قازانجیان کردووە، ئەمە هەمووی بە قسەی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شارەکە.
کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٣ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی پێهات.
خەیری ئۆسو، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک بە میدیازانی وت، “بەهۆی کۆنگرەی پارتی جوڵەیەکی زۆر باش لە کەرتی گەشتوگوزار دروستبووە، زیاتر لە پێنج هەزار میوان هاتوونەتە دهۆک، ٢٥ هوتێل بە هەموو ژوورەکانیان گیراون، زۆرینەی چێشتخانەکانی دهۆک لە چەند رۆژی رابردوو ئیشێکی زۆریانکردووە بەتایبەت ئەوانەی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەن”.
ئەو قازانجی شوێنە گەشتیارییەکانی لەو سێ رۆژەدا بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دیاریکرد، وتیشی، “بەو هۆیەوە ناوبازاڕ جووڵەی تێکەوتووە و کاری تاکسی و مارکێتەکانیش باشتر بوون”.
لەلایەکی دیکە، عەلی عیسا، خاوەنی چێشتخانەی سەفین لە دهۆک بۆ میدیازانی باسکرد، کە پێش کۆنگرە دوو شەفت کاریان کردووە، بەڵام لە رۆژی کۆنگرەوە کردوویانە بە سێ شەفت، بەهۆی داواکاریی زۆر لەسەر خواردن.
بە قسەی ئەو خاوەن چێشتخانەیە، رۆژانە لەنێوان ٥٠٠ تاوەکو ٧٠٠ داواکاریی خواردنیان هەبووە.