دەڵێن بودجە نییە

تەنیا پێنج کۆڵان لە گەڕەکێکی بەحرکە جێهێڵدراون و قیر نەکراون

964+

رێباز خدر

لە گەڕەکی نەورۆز کە دەکەوێتە سەنتەری قەزای بەحركەی سەر بە پارێزگای هەولێر، تەنیا پێنج کۆڵانی گەڕەکەكە بە بێ قیرتاوە جێهڵێدراوە، هاوڵاتییەكی گەڕەكەكە دەڵێت هاتن چاكیان كرد و دواتر تێكیان دا، سەرۆكی شارەوانیی دەڵێت دووجار دەرخستەیان بۆ كارەكە بۆ پارێزگا ناردووە، بەڵام دەڵێن پارە نییە.

نەجمەدین عەبدوڵا، یەکێکە لە دانیشتووەکانی گەڕەکەکە، کە ماوەی  17 ساڵە لە گەڕەکەكە نیشتەجێیە، بە 964ی وت، “ئێمە لەوەتەی لێرەین ئەم پێنج كۆڵانە هەر وەک خۆیەتی هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەهاتوە، بەو پێیەی کۆڵانەکانی گەڕەکەکە قیر کراون، جگە لەم پێنچ کۆڵانە نەبێت.

یەکێکی تر لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بە ناوی سەمیرە مستەفا باس لەوە دەکات، ” ئێمە نزیکەی 20 ساڵە لێرەین، هەموو ساڵێک لە وەرزی زستان تووشی کێشە دەبینەوە، کاتێک منداڵەکانمان دەچن بۆ قوتابخانە تووشی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە، کە دەبێت بە پیادە بڕۆن بەناو ئەم شەقامە کە بەتەواوی دەبێتە قوڕو لیتە”،

وتیشی، حكومەت هاتن چاكیان كرد و دواتر تێكیان دا و بەجێیان هێشت، خۆمان چاكمان كردووەتەوە، بەڵام داواكارین بۆمان قیر بكەن.

هەروەها دەڵێت، جگە لەمە کێشەی زێرابی کۆڵانەکەشمان هەیە کە بەهەمان شێوە دروست کراوە و دواتر کارکردن تێیدا وەستاوە، دەشڵێت داواکارین لە لەلایەنی پەیوەندیدار کە ئەم شەقامەمان بۆ قیرتاو بکەن بەر لە هاتنی وەرزی زستان و باران بارین”.

هەر سەبارەت بەم كێشەیە، 964 پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانیی بەحركە مەموند عەبدولوەهاب و ئەویش رایگەیاند، سێ جار دەرخستەیان بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە بۆ ئەنجامدانی كارەكە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەكراوە،.

وتیشی، هەر كاتێك بودجە دابین بكرێت، راستەوخۆ قیرتاوی كۆڵانەكان دەكەن و چارەسەری كێشەكان دەكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی هەولێر پڕۆژەیەكی رێگەوبان لە بەحركە جێبەجێ ...

شارەوانیی هەولێر پڕۆژەیەكی رێگەوبان لە بەحركە جێبەجێ دەكات