دیمەنی ناوەوەی زیندانێک دەردەکەوێت - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پلانی وەزارەتی دادە
جگە لە سێدارەدان؛ عێراق سزادراوە بیانییەکان دەنێرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی داد پلانی دیپۆرتكردنەوەی ژنە زیندانییە بیانییەكان و منداڵەکانیان بۆ وڵاتەكانیان راگەیاند، ئەمەش بەپێی یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن و پرەنسیپی مامەڵەكردن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە دەستی كردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە بۆ دیپۆرتكردنەوەی زیندانییەكان.
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی داد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، ئەنجومەنی باڵای وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای دەركردووە، بە سەرۆكایەتی خالید شوانی وەزیری داد، كە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتی دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی وەك ئەندام بەشدارن.
ئەم لیژنەیە بەرپرسیارە لە داڕشتنی پلانێك بۆ دیپۆرتكردنەوەی ژنە زیندانییە بیانییەكان و عەرەبەكان و منداڵە یاوەریەكانیان، بەپێی یاسا و یاداشتی هاوكاری و رێككەوتننامە و بەڵگەنامەی رادەستكردن و پرەنسیپی بەرامبەر و وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەكردووە، سەدان زیندانی ژن و منداڵی یاوەریان لە چاكسازییەكانمان هەن.
لعێبی دەڵێ، وەزارەتەكە بە سەرۆكایەتی وەزیری داد هەوڵیداوە پلانێكی پراكتیكی بۆ گواستنەوەی ژنە زیندانییە بیانییەكان و منداڵەكانیان دابڕێژێت، وەزیری داد لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتانە كۆبووەوە، ئەم بابەتەیان تاوتوێكردووە، گوێی لە نوێنەرەكانیان گرتووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بەو وڵاتانەی كە پێشتر یاداشت یان رێككەوتنمان لەگەڵیاندا هەیە، یان ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان بە رێككەوتنی ریازەوە كردووە، دەتوانرێت ئەو یاداشت و رێككەوتنانە هەمواربكرێنەوە بۆ ئەوەی هاوتەریبن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی حكومەت كە پێمان گەیشتووە، بەپێی ئەو بڕیارە زیندانییە ژنەكان و منداڵە یاوەریەكانیان لە هەموو سزاكان جگە لە سزای لەسێدارەدان بگوازرێنەوە.
ئەم هەنگاوە، بەشدارە لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە چاكسازییەكانمان، هەروەها بەشێكە لە پرەنسیپی مامەڵەكردن وەك بەرامبەر، بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ وڵات، جگە لە ڕەهەندی مرۆیی و ناوخۆیی، ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی داد وای وتووە.