بەشێک لە دانیشتوانی کەلار
بە جلی کوردیەوە گردبوونەوە و داوای سزادانی حەجاج دەکەن
میلاد جەلال – گەرمیان
ھاوڵاتیان و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە جلوبەرگی کوردیەوە لە قەزای کەلار گردبوونەوە، داوا دەکەن حەجاج بە سزای خۆی بگات و لە پێش چاوی میدیاکان دادگایی بکرێت.
نیگار رەشید، چالاکوانە و بە جلوبەرگی کوردیەوە بەشداری لە گردبوونەوەکە کردووە بە 964ـی وت، “دەمانەوێت لەپێش چاوی میدیاکان حەجاج دادگایی بکرێت، ئێمە لەبەر کورد بونمان قوربانی زۆرمان داوە، بۆیە ئەمڕۆش بە جلی کوردی بەشداریمانکردوە وەک پێناسی کورد بوونی خۆمان”.
شوکریە ئەحمەد، کەسوکاری ئەنفالە بە 964ـی وت، “ئیمە نامانەوێت حەجاج لەسێدارە بدرێت و بکوژرێت، دەمانەوێت وەک چۆن کەسوکاری ئێمە بە ئازاری دەستی حەجاج ئەنفالکران، ئێستا حەجاجیش ھەمان ئازار بردرێتەوە تا ئەوکاتەی گیانی دەرەچێت”.
رێباز غالب، یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە خۆیشی رزگاربووی قەڵای نوگرە سەلمانە بە 964ـی وت، “دەمانەوێت لە دادگایەکی دادپەروەرانە حەجاج دادگایی بکرێت، کەیسەکە بەلاڕێدانەبرێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا بەس لە گەرمیان لەلایەن کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە چەنین فۆرم بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر حەجاج پڕکراوەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی