25 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە

قۆناغی دووەمی ئاوە فریاگوزارەکەی هەولێر دەستی پێکرد

964+
ئەحمەد مستەفا

لە هەولێر، 25 ملیار دینار دابینکرا تا دەستبکرێ بە قۆناغی دووەمی ‏پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆ و بەستنەوەى بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزاریى خێرای گەیاندنی ئاو.

ئەمڕۆ شەممە 2025.8.16، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی ئیداری شارەکە، بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکیەکانی بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاوی هەولێری بەسەرکردەوە.

کە پڕۆژەکە تەواوكەری پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێراى هەولێرە و بەگوژمەی، 25 ملیار دینار لەلایەن ” کۆمپانیای کەیوەن ” و بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دەست بەجێبەجێکردنی کراوە و بە تەواوبوونیشی 248 هەزار ماڵ، کە دەکاتە 63 هەزار هاوبەشی ئاو لە هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.

ئاوی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە ماوەیەکی کەمدا و بەر لە ماوەی دیاریکراوی خۆی توانراوە، کارەکانی قۆناغی یەکەم لە سنووری هەرسێ شارەوانی 4 و 5 و 6 بەکۆتا بهێنرێ و ئەمڕۆش دەست بە قۆناغی دووەم لە سنووری هەردوو شارەوانی 2 و 3 دەکرێ.

لە 20ی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆی و بەستنەوەی هێڵە لاوەکیەکانی بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاوی هەولێر دانرا و بڕیارە لە ماوەی یەک ساڵ بڕی، 413 هەزار مەتر بۆری پلاستیکی بە 6 قەبارەی جیاواز لە کوچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر دابنرێت.

لە 5 مانگی یەکەمى کارکردن لە پڕۆژەکەدا نزیکەی، 200 هەزار مەتر بۆڕی لە سنووری شارەوانییەکانی 4 – 5 – 6 دانراوە و کۆتایی مانگی رابردووش ئاو گەیشتە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی 120 مەترى خێراى هەولێر، کە کەوتوونەتە سنووری ئەو 3 شارەوانییە.

ئەمڕۆش دەستکرا بە کارکردن لە پرۆژەکە و دانانی بۆڕییەکان لە سنووری شارەوانییەکانی 2 – 3 و بڕیارە لە ماوەیەکى نزیک بڕی 215 هەزار، مەتر بۆری دیکەی ئاو بە 6 تیرەی جیاواز بۆ ئەو گەڕەکانەى دەکەونە سنوورى هەردوو شارەوانی 2 و 3 دابنرێت.

پڕۆژە تازەکەی ئاوی هەولێر رسقی تانکەرەکانی بڕی

پڕۆژە تازەکەی ئاوی هەولێر رسقی تانکەرەکانی بڕی