بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران:
هەوڵ دەدرێت رێگەی جێگرەوە بۆ پردی زارگەلی ئەمڕۆ تەواو بکرێت
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کارەکان بۆ دروست کردنی رێگەی جێگرەوە لە شوێنی پردی زارگەلی دەستیان پێکردووە و بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆرانیش دەڵێت، “هەموو هەوڵێک دەدەین ئەمڕۆ رێگە جێگرەوەکە تەواو بکەین”
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت، سەرووی خۆمانمان لە گرفتی پردەکە ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئێستا تەنیا فۆکەسمان لەسەر دروست کردنی رێگەیەکی جێگرەوەیە و کارەکانمان دەست پێکردووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەمڕۆ رێگەکە تەواو بکرێت.
سەبارەت بە گۆڕین یان چاککردنەوەی پردەکە خوسرەت سادق، وتی، چاوەڕێین لیژنەیەکی پسپۆڕ لە پردەکان بێن و سەیری پردەکە بکەن، بەڵام نازانین چەند کاتی دەوێت تا دەزانین چارەنووسی بە کوێ دەگات، کە ئایا پێویستی بە نۆژەن کردنەوە دەبێت یان گۆڕینی تەواوەتی.
درەنگانی شەوی رابردوو، بەهۆی بارهەڵگرێکەوە کە باری ئاسنی پێبووە لە کاتی تێپەڕین بەسەر پردەکە بارەکەی کەوتووە و بەهۆیەوە بەشێک لە پردی زارگەلی لە رێگەی گەلی عەلی بەگ رووە و خەلیفان داڕما و هاتوچۆ کردن بەسەر پردەکە بۆ بارهەڵگران داخراوە و تەنیا رێگە بە تێپەڕینی ئۆتۆمبێلی بچوک دەدرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر