964 سۆراغی کردووە

رسقی پێنجوێن بەقەرز بۆ شارەکانی عێراق دەڕوا

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

رسقی پێنجوێن زۆرینەی بەقەرز دەبرێتە شارەکانی عێراق و ساغدەکرێنەوە، جوتیارە کوردەکان چاوەڕێی دەستی بە بڕشتی بازرگانە عەرەبەکانن، کە بەرهەمەکەیان ساغ کردەوە، بەش و بڕە پارەی جوتیارەکە بنێرنەوە.

بووە بە عادەت، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە جوتیارانی پێنجوێن و بەشێکیان بەرهەمەکانیان بە قەرز دەفرۆشنە بازرگانە عەرەبەکان و دوای دە رۆژ پارەکە وەردەگرن ئەگەر بازرگان بینێرێت بۆیان.

هیوا سدیق جوتیارێکی دەشتی پێنجوێنە و ئەو بە 964ی وت، هەندێک جار پارەکە دەنێرن و چەندین جاریش بەو هۆکارە پارەم خوراوە و بازرگانە عەرەبەکان کاسبی بە رسقی پێنجوێنەوە دەکەن. بە گوێرەی سۆراغی 964، جوتیارەکان وەک پێویست بەرەو سکاڵاتۆمارکردن نەچوون لە کاتێکدا پارەیان بۆ نەنێردرابێتەوە.

ئەو جوتیارە وتی، زیاتر لە چل ملیۆن قەرزداری خەرجی کاری کشتوکاڵییە و لە ئێستاشدا 15 ملیۆن دیناریان لە قەرزی فرۆشتن دایە، وە بۆ بەرهەمی ئەمساڵ نزیکەی 50 ملیۆن دیناری خەرجی کشتوکاڵی بووە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەو جوتیارانە چاویان لەوەیە و داواکارن، لە وڵاتانی دیکەوە هیچ شتێک هاوردە نەکرێت، تا بتوانن ساد و ئاسان بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی پارەی کاش لەگەڵ خۆیان ناهێنن، ناسر نەجەف بازرگانی عەرەب بە 964ی وت، لە رێگە لەبەر مەترسی ئەمنی ناتوانن پارە بە کاش بهێنن، زۆرجار پارە بە حەواڵە بۆمان دەنێرن، ئێستاش رێورەسمەکانی عاشورا و داخستنی نوسینگەکان ناردنی پارەی بۆ ئێمە دواخستووە.

ساڵی رابردوو، لە کۆی 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە قەزای پێنجوێن 284 هەزار و 590 تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە تەماتە، شووتی، خەیار، کاڵەک، بیبەری شیرین و تون و کولەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەم هات.

رووبەری قەزای پێنجوێن بە دۆنم 414 هەزار و 308 دۆنمە و 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە و لە زەوی کشتوکاڵی دێم و بەراو پێکدێن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سێ برا ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی پێنجوێن دابیندەکە...

سێ برا ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی پێنجوێن دابیندەکەن