"لە سۆشیال میدیا رەخنەی لە پەیمانگاکە گرتووە"

لەسەر سکاڵای پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کفری ھونەرمەندێک دەستگیر کرا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ھونەرمەند و شانۆکار محەمەد ھیجران، دوای رەخنەگرتنی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی قەزای کفری، لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری پەیمانگاکە، دەستگیر کرا.

ھەورامان جەلال ھاوڕێی محەمەد ھیجرانە، ئەو بە 964ـى وت، “لەرۆژی جیھانی شانۆ محەمەد چووبوە بەردەم بینای پەیمانگاى ھونەرە جوانەکانی کفری، ڤیدیۆیەکی رەخنەئامێزی تۆمار کردبوو و دواتر لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوى کردبووەوە، لە ڤیدیۆکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ھیچ بەرەوپێشچوونێک لە پەیمانگاکەدا نییە و چالاکیان نییە”.

“دوای ئەوە بەڕێوەبەری پەیمانگاکە سکاڵای لەسەر محەمەد ھیجرانی شانۆکار تۆمارکرد، دوای دوو جار دانیشتنی دادگا، ئەمڕۆ دووشەممە 11.8.2025 بڕیاری دەستگیر کردنی درا بۆ ماوەی 15 رۆژ، ئەگەر دادوەر رازی بێت دوای 48 کاتژمێر دەتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت”، ھەورامان جەلال وای وت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە داود محەمەد، بەڕێوەبەری پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کفری، ئەو وتی، “محەمەد هیجران چەند جارێک لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە و قسەی بە پەیمانگاکە و مامۆستاکانمان وتووە”.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ کەسوکاری قسەیان کردووە و هەوڵیانداوە لەگەڵی دانیشن، بۆ ئەوەی ئەگەر چارەسەرێکی لابێ، بەقسەی بکەن و سوپاسیشی بکەن، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە قسە بکات و پۆستەکانیشی نەسڕیوەتەوە.

داود محەمەد وتی، دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک و قسەکردن لەسەر پەیمانگاکە، رۆژی 27.3.2025 سکاڵایان لەسەر محەمەد هیجران تومارکردووە و ئەمڕۆ دەستگیر کراوە، ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادگان و بابەتەکەیان بۆ یاسا جێھێشتووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

پاش سێ ساڵ لە گەرمیان چالاکی هونەری رێکدەخرێت

پاش سێ ساڵ لە گەرمیان چالاکی هونەری رێکدەخرێت

کۆلیژ و پەیمانگایەکی نوێ لە کفری دروست دەکرێن

کۆلیژ و پەیمانگایەکی نوێ لە کفری دروست دەکرێن