راهێنەری هێنا و لۆگۆی گۆڕی
یانەی نەورۆز چاوی لە بەشداریكردنە لە خولەكانی ئاسیا
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لۆگۆی نوێی یانەکەی نمایش کرد و دەستەی نوێی راهێنەرانی ناساند، ئاشكراشیان كرد لە رۆژانی نزیكی داهاتوودا گرێبەستی چەند یاریزانێك رادەگەیەنن.
وتەبێژی یانەی نەورۆز رێنوا هیوا بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ ستافی راهێنەرانی نوێی یانەكەیان ناساند و لە ئەمڕۆوە دەست دەکرێت بە مەشقەکان و لە داهاتوویەكی نزیكدا گرێبەستی نوێ ئەنجام دەدەن، ئەگەری هەیە چەند یاریزانێكیش بەڕێبكەن.
یانەی نەورۆز ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا یاسین ئاراسی كردە راهێنەری تیپەكەی، كە كوردی باكووری كوردستانە و لە ئەوروپاوە هاتووە، راهێنەری پێشووی یانەی دالكورد بوو لە سوێد، چەند یاریدەدەرێكیشی دەبێت.
هاوكات وتەبێژی یانەكە وتی، لە ئەمڕۆوە رۆژێكی نوێ لە یانەی نەورۆز دەستپێدەكات و چاویان لەوەیە ئەنجامی ئەوتۆ لە خولی عێراق بەدەست بهێنن، كە بتوانن بەشداریی خولەكانی ئاسیا بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا