لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان

گەنجانی نیوە دامەزراوی کفری گردبوونەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

گەنجانی نیوە دامەزراوی قەزای کفری کە ژمارەیان 168 کەسە، لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان گردبوونەوە، ئەو گەنجانە لە سەرەتای ساڵی 2024 فەرمانی دامەزراندنیان بۆدەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستبەکار نەبوون و نازانن لەکوێ دەوام بکەن.

لەئەنجامی مانگرتنی مانگی تەموزی 2023ـی دانیشتوانی قەزای کفری، ئەوکات ژمارەیەک بەڵێنیان پێدرا کە یەکێک لەوانە دامەزراندنی 168 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو.

ئومێد کەرەم، یەکێکە لەو گەنجانە بە 964ـی وت، “ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دامەزراندنی بۆدەرکردووین، بەڵام تا ئێستا دەستبەکار نەبوین و نازانین چارەنوسمان چی لێدێت”.

“ھیچ شتێکمان پێنەوتراوە تا ئێستا کە ھۆکاری دواکەوتنی ئەم بابەتەی ئێمە چییە، داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەین ئەگەر ئاگاداری ئەم دواکەوتنە نییە بەڕاستی بێتە خەت بۆ چارەسەرکردنی” ئومێد کەرەم وای وت.

ئەینار فەتاح، یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانەی فەرمانی دامەزراندنی ھەیە بە 964ـی وت، پێیان وتوین چارەسەرکردنی کێشەکەی ئێمە پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا، نزیکەی دوو ساڵە فەرمانی دامەزراندمان ھەیە و کەچی لەماڵەوەین.

مەبەست لە نیوە دامەزراو ئەوەیە کە ئەم کەسانە فەرمانی دامەزراندیان هەیە بەڵام هەر لە ماڵەوەن و نەخراونەتە ئەرکەوە و تا ئێستا شوێنیان بۆ دیاری نەکراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

فەرمانی دامەزراندن بۆ 75 کەس دەرچوو 

فەرمانی دامەزراندن بۆ 75 کەس دەرچوو