لە ئوستڕالیا

یوتیوب بۆ تەمەنی ژێر 16 ساڵی قەدەغە دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند، یاسایەک دەردەکەن منداڵانی تەمەن ژێر 16 ساڵان لە بەکارهێنانی یوتیوب قەدەغە دەکەن بۆ پاراستنیان لە “ئەلگۆریتمە ترسناكەكان”.

ئانیکا وێڵز، وەزیری پەیوەندییەکانی ئوستڕالیا لە بەیاننامەیەکدا كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردەوە، رایگەیاندووە، “شوێنێک بۆ سۆشیال میدیا هەیە، بەڵام شوێنێک نییە بۆ ئەلگۆریتمەکانی ترسناكەكان، کە منداڵان دەکەنە ئامانج”.

لە مانگی 11ی 2024 پەرلەمانی ئوسترالیا پڕۆژە یاسایەکی رێکخستنی ئینتەرنێتی پەسەند کرد، کە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیای وەک تیکتۆک، ئێکس، فەیسبووک و ئینستاگرامی لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی 16 ساڵییەوەن، قەدەغە کرد.

ئەو پڕۆژە یاسایە لەو کاتەدا پشتیوانی دوو لایەنەی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی وەرگرت، بەڵام یوتیوبی تێدا نەبوو.

لەو کاتەدا حکومەت رایگەیاندبوو، یوتیوب کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وانەی قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێت، کاریگەری قەدەغەکردنەکەی نابێت.

لە لێدوانێکیشدا لەسەر بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی پلاتفۆرمی یوتیوب وتی پلاتفۆرمەکە “تۆڕێکی سۆشیال میدیا نییە”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێستی ئەوان روونە: یوتیوب پلاتفۆرمی هاوبەشکردنی ڤیدیۆیە و کتێبخانەیەکی ناوەڕۆکی بێبەرامبەر و کوالیتی بەرزی هەیە، کە زیاتر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا دەبینرێت.

یوتیوب مەترسی لەسەرە؟

یوتیوب مەترسی لەسەرە؟