لەبەردەم قەیرانێکى گەورەدان
لەیەک ساڵدا؛ بەنداوى دوکان و دەربەندیخان 47%ـى ئاو و 81%ـى بەرهەمهێنانى کارەبایان لەدەستداوە
964+
وریا فەتاح
هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەى کەمئاوی بووەتەوە، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا داناوە، بەشێوەیەک لە دوو بەنداوە سەرەکییەکەى هەرێم کەمتر لە 3 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، لە کاتێکدا زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرن، بەمەش لەماوەى یەک ساڵدا 47%ـى ئاوەکەیان لەدەستداوە و 81%ـى تواناى بەرهەمهێنانى کارەباشیان کەمبووەتەوە.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی 964 دەستى کەوتووە، ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی بەنداوى دوکان و دەربەندیخان، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەراورد بە هەمان رۆژی ساڵی 2024.
تراژیدیاى هەردوو بەنداوەکە:
بەنداوی دوکان:
گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، 7 ملیار مەترسێجا ئاو دەگرێت، لە ئەمڕۆ 28ـى تەمموزی 2025دا، ئاستی ئاوەکەى گەیشتۆتە 483.37 مەتر، لە کاتێکدا لە هەمان رۆژی ساڵی 2024دا، 498.78 مەتر بووە، بەمەش لەماوەى یەک ساڵدا ئاستى ئاوەکە زیاتر لە 15 مەتر دابەزیووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای گلدانەوەی ئاو لە 3 ملیار و 754 ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجاوە بۆ تەنیا 1ملیار و 447 ملیۆن مەترسێجا.
هەر ئاو نا، بەرهەمهێنانى کارەباش لە وێستگەی کارۆئاوی دوکان لە 146 مێگاواتەوە بۆ تەنیا 20 مێگاوات دابەزیوە، واتا لەماوەى یەک ساڵ 126 مێگاوات بەرهەمهێنانى کارەبا کەمبووەتەوە.
هەموو ئەمانەش پەیوەستن بەوەى پار ئەمڕۆ لە یەک چرکەدا 60 مەترسێجا ئاو چووە ناو بەنداوەکە، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا 40 مەترسێجا لە چرکەیەکدا ئاو دەچێتە بەنداوەکە، ئەوە جگە لە بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و بەهەڵمبوونى ئاو.
روونتر
بەنداوى دووکان تواناى گلدانەوەى 7 ملیار مەترسێجا ئاوى هەیە
پار ئەمڕۆ 3 ملیار و 754 ملیۆن و 600 هەزار مەترسێجا ئاوى تێدابووە.
ئەمساڵ ئەمڕۆ تەنیا 1 ملیار و 447 ملیۆن مەترسێجا ئاوى تێدایە.
بەنداوی دوکان لەماوەى ئەو ساڵەدا 2 ملیار و 307 ملیۆن و 600 هەزار مەترسێجا، ئاوى لەدەستداوە، واتا لەیەک ساڵدا 38%ـى ئاوەکەى کەمبووەتەوە.
بەنداوی دەربەندیخان
بە تواناى لەخۆگرتنى 3 ملیار مەترسێجا دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمە، بە هەمان شێوەى بەنداوى دوکان رووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی ئاو بووەتەوە.
ساڵى رابردوو لە ئەمڕۆدا، ئاستى ئاو لەو بەنداوە 483.05 مەتر بووە، بەڵام ئەمڕۆ دابەزیوە بۆ 472.14 مەتر، واتا لەماوەى یەک ساڵدا ئاستى ئاوەکەى نزیکەى 12 مەتر دابەزیوە، بەمەش
توانای گلدانەوەی ئاو لە 2 ملیار و 356 ملیۆن و 700 هەزار مەترسێجاوە بۆ تەنیا 1 ملیار و 481 ملیۆن و 700 هەزار مەترسێجا دابەزیوە، واتا نزیکەى 63%ـى ئاوەکەى لەدەستداوە.
کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەباى بەنداوى دەربەندیخان هەبووە، بەشێوەیەک ساڵى پار ئەمڕۆ، 155 مێگاوات کارەباى بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەمڕۆ دواى ساڵێک تواناى بەرهەمهێنانى کارەبا تەنیا 38 میگاواتە، واتا لە یەک ساڵدا 117 مێگاوات کارەباى لەدەستداوە.
هەر سەبارەت بە بەنداوى دەربەندیخان، ساڵى پار لەمڕۆدا، لە یەک چرکەدا 76 مەترسێجا ئاو چووەتە بەنداوەکە، بەڵام ئەمڕۆ دواى ساڵێک بۆ تەنیا 27 مەترسێجا دابەزیوە.
تراژیدیاى هەردوو بەنداوەکە بەیەکەوە:
ساڵی پار لەم کاتەدا (28ـی تەمموزی 2024)، هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان پێکەوە 6 ملیار و 110 ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجا ئاویان تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ (28ـى تەمموزى 2025)، ئەم رێژەیە دابەزیوە بۆ 2 ملیار و 928 ملیۆن و 700 هەزار مەتر سێجا، کەواتا بەرهەدووکیان 47%ـى ئاوەکەیان لەدەستداوە.
ئەمەش بە واتاى ئەوە دێت، لە ماوەی یەک ساڵدا 3 ملیار و 181 ملیۆن و 900 هەزار مەتر سێجا ئاو لە هەردوو بەنداوەکەدا کەمیکردووە.
بەرهەمهێنانى کارەباى هەردوو بەنداوەکەش پێکەوە پار ئەمڕۆ 301 مێگاوات کارەبا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بۆ تەنیا 58 مێگاوات دابەزیوە، واتا لەماوەى یەک ساڵدا 243 مێگاوات کارەباى بەرهەمهێندراو لە هەردوو بەنداوەکە کەمیى کردووە، واتا هەردوو بەنداوەکە 81%ـى تواناى بەرهەمهێنانى کارەبایان لەدەستداوە.
ئەمانەش دەرەنجامى کۆمەڵێک هۆکارن، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمیی رێژەی بارانبارین و سیاسەتەکانی ئاوی وڵاتانی دراوسێ، نەبوونى پلانێکى تۆکمەى ناوخۆیى بۆ رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارى کەشوهەوا.