ئەوەی ماوە دەدرێت بە دوو کۆمپانیا
زیاتر لە 390 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە
964+
دەشتی عارف ــ هەولێر
بۆ ئەمساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنم دانرابوو کە لە جوتیاران وەربگیرێت و تا ئێستا زیاتر لە 390 تۆن وەرگیراوە، ئەو جوتیارانەشی گەنمیان ماوە دەتوانێت بیداتە هەر دوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان، کە لەهەولێر و سلێمانین.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئەمساڵ بڕیار بوو 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگرین و ئەوەی وەرگیراوە سەروو 390 هەزار تۆن بووە و ئەوەشی کە وەرنەگیراوە یان ئەوەتا پیس بووە یانیش رەسید نەماوە بۆیە وەرنەگیراوە.
“بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕێکی زۆر کەمتر گەنممان وەرگرتووە چونکە بەهۆی بێ بارانیەوە ئەو بڕە گەنمە بەرهەم نەهاتووە، ساڵی رابردوو 700هەزار تۆن گەنم وەرگیرابوون، بەڵام بەهۆی وشکە ساڵی و بێ بارانی ئەمساڵ نەمانتوانی بیگەێنینە ئەو بڕە” بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم وای وت.
بڕی ئەو گەنمەی لە هەرێم وەرگیراوە بەم جۆرەن:
145 هەزار تۆن گەنم لە سلێمانی وەرگیراوە
13 هەزار تۆن گەنم لە هەڵەبجە وەرگراوە
117 هەزار تۆن گەنم لە دهۆک وەرگیراوە
122 هەزار تۆن گەنم لە هەولێر وەرگراوە
بۆ ئەمساڵیش نرخی هەر تۆنێک گەنمی نمرە یەک 850 هەزار دینار و گەنمی نمرە دوو بۆ هەر تۆنێک 800 هەزار دینار نرخەکەی بووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی