داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینارە
جیاوازییەکەی بەراورد بە هەفتەی پێشوو بزانە
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینارە
964+
شۆڕش قادری
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار و 124 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو نزیکەی سێ ملیار دینار زیادی کردووە.
وەک ماڵپەڕی شەفافیەت لە نوێترین داتا و ئاماری خۆیدا ئاشکرایکردووە، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 12.7.2025 تا ئەمڕۆ هەینی 18.7.2025، نۆ ملیار و 124 ملیۆن و 558 هەزار و 425 دینارە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو، شەش ملیار و 780 ملیۆن و 851 هەزار و 829 دینارە بوو.
لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی هەشت ملیار و 345 ملیۆن و هەشت هەزار و 675 دیناری بە شێوەی نەختینە و 777 ملیۆن و 689 هەزار و 750 دیناری چەکە و یەک ملیۆن و 860 هەزار دیناریشی مەقاسە.
ماڵپەڕی شەفافییەت هەموو هەفتەیەک داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەخاتەڕوو.
ئەو داهاتەی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان، بەدەستهاتوون.