مەزڵوم عەبدی دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق
” دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینییەکان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بەهاکانی گەلی سووریا”
964+
ژێوار خدر
لە دوای بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر گۆڕەپانی ئەمەوی لە ناوەندی دیمەشق و بارەگای ئەرکانی سوریا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو پێشێلکاریانەی لە سوەیدا روویاندا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پێگەی فەرمی خۆی لە ئێکس رایگەیاند، ” کوشتنی ژنان و منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینییەکان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بەهاکانی گەلی سووریا و پێویستە دەستبەجێ ئەم کردەوە دوژمنکارانەیە بوەستێنرێن و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.”
لە درێژەی پەیامەکەشیدا دەڵێت، دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن رابگیرێت، چونکە سووریا بە تۆڵەکردنەوە بنیات نانرێتەوە، بەڵکو بە گفتوگۆ و ژیری بنیات دەنرێتەوە
دەقی پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی بە کوردی
بانگەوازمان لە کەسوکارمانەوە لە سوەیدا پێدەگات، کە داوای دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ هاوڵاتیانی سڤیل و راگرتنی ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە سەریان.
کوشتنی ژنان و منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر هێما ئایینییەکان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و بەهاکانی گەلی سووریا، و پێویستە دەستبەجێ ئەم کردەوە دوژمنکارانەیە بوەستێنرێن و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
دوای 14 ساڵ لە جەنگ، کاتی ئەوە هاتووە خوێنڕشتن رابگیرێت، چونکە سووریا بە تۆڵەکردنەوە بنیات نانرێتەوە، بەڵکو بە گفتوگۆ و ژیری بنیات دەنرێتەوە.
کێشەی کەسوکارە درووزییەکانمان کێشەیەکی نیشتمانییە و پێویستە چارەسەرەکەی دەستووری و لە رێگەی پەنابردن بۆ گفتوگۆوە بێت.