تیمەکانی هۆشیاری رێنمایی دەدەنە هاونیشتمانیان
گەشتیاران و گیاچنەکانی دەربەندیخان لە مەترسی مین ئاگاداردەکرێنەوە
ژێوار خدر
باران و لافاوەکانی ئەم دواییە مەترسی دەرکەوتن و رامالینی مینی لە ناوچە شاخاوییەکان و کێڵگەمینەکاندا زیاتر کردووە، ئەمەش وایکردووە کەمپەینێکی هۆشیاری بەرفراوان بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و گوندنشینان لە سنووری قەزای دەربەندیخان دەستپێبکات تا لە مەترسییەکانی پاشماوەی جەنگی دووربن.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی بڵاویکردەوە، تیمەکانی هۆشیاری و پاڵپشتی قوربانیان لە رۆژانی 13 و 14ی 5ی 2026، گەشتێکی مەیدانییان بۆ گوندەکانی توڵەبی، دۆڵی ناوحەد و ناوچەی گەشتیاری شەمیـران ئەنجامداوە. لەو بەسەرکردنەوەیەدا کە بە شێوازی ماڵبەماڵ بووە، نامیلکە و پۆستەری رێنمایی بەسەر گوندنشینان و ئەو گەشتیارانەدا دابەشکراوە کە بۆ سەیران و کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان لەو ناوچانە کردووە.
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و لافاوەوە، ئەگەری دەرکەوتنی مین و تەقەمەنی لە شوێنە نوێیەکاندا هەیە، بۆیە دەزگای مین داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی بە هیچ جۆرێک دەستکاری نەکەن و لێی دووربکەونەوە، بۆ ئەم مەبەستە هێڵی گەرمی 182 بە شێوەی خۆڕایی لە خزمەت هاوڵاتیاندایە تا لە کاتی هەبوونی هەر مەترسییەکدا پەیوەندی بکەن و تیمەکان بۆ لادانی مەترسییەکە بە هانایانەوە بچن.