وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
لێدوانەکانی ئەمریکا دەربارەی کورد نیشانەی “بێهیوایین”
ژێوار خدر
لێدوانە دووبارەبووەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کوردەکانەوە جارێکی دیکە گرژی خستووەتە نێوان تاران و واشنتۆن، لە کاتێکدا ئێران ئەو لێدوانانە بە هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و نیشانەی نەناسینی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەبینێت.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ شاری سنە، وەڵامی لێدوانەکانی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، ئەوان بایەخ بە راوبۆچوونی بێگانە نادەن لەبارەی هاونیشتمانیانی خۆیانەوە. بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم پێکهاتەکانی وەک کورد، لور، فارس، تورک و بەلووچ “عەشقی نیشتمانەکەیانن” و ئەو قسانەی بەرپرسانی ئەمریکا نیشانەی بێهیوایی و نەناسینی راستییەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێرانە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە ستایشی هۆشیاری خەڵکی کوردی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان توانیویانە رێگری لەو پیلانگێڕیانە بکەن کە ئامانجیان تێکدانی دۆخەکەیە و دەشڵێت، ئاستی تێگەیشتنی خەڵکی کورد وایکردووە “دوژمن” لە گەیشتن بە ئامانجە ناڕەواکانی ناکام بێت، هەربۆیە تاران شانازی بەو وریاییەی کوردەکانەوە دەکات کە نەیانهێشتووە فێڵیان لێ بکرێت و نەیارەکانیان بێهیوا کردووە.