"تائێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە"
کارکردن لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ وەستاوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی لە كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە سنووری ناحیەی چەمانگێ روویدا، کارکردن لە کێڵگەکە وەستاوە و تائێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە تەقینەوەكە لە ئەنجامی هێرشێكی مووشەك یان درۆن بووبێت.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک بە964ـی وت، تیمی بەرگری شارستانی ناحیەی چەمانکێ لەگەڵ بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ئەترۆش سەرقاڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکەی کێلگەی نەوتی سەرسەنگن.
وتیشی، هەرچەندە تا ئێستا زیانەکانی ئاگرەکە بەوردی نەزانراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15.7.2025 تەقینەوەیەک لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و ئەتروش لە سنووری قەزای ئامێدی روویدا و چەند خولەکێک دوای تەقینەوەکە، کۆمپانیای HKN Energy لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەکەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام سەرجەم کارمەندەکانیان سەلامەتن.
لەگەڵ ئەوەشدا دەنگۆی ئەوە هەیە تەقینەوەكە لە ئەنجامێكی هێرشێكی تیرۆریستی بێت، بەڵام هێشتا هیچ سەرچاوەیەك پشتڕاستی ئەوەی نەكردووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری