داوای هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالەکان دەکەن

سبەی کۆتا رۆژە بۆ وەرگرتنی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان

964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

هەڵمەتی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن و کۆکردنەوەی زانیاری لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەردەوامی هەیە، سبەیش دواڕۆژی وەرگرتنی نموونەوەی خوێنە.

هەڵمەکە تا سبەی چوارشەممە 9.7.2025 لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە كاتژمێر نۆی بەیانی بۆ دووی پاش نیوەڕۆیە، فەرمانبەرانی مۆنۆمێنتی ئەنفال پێشوازیی لە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەکەن تاوەکو بەشداریی بکەن لە پرۆسەی وەرگرتنی نموونەی خوێن بە مەبەستى پشکنینى DNA.

هابیل ئەحمەد بەرێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ بە964ی وت، “کەسوکاری ئەنفالکراوان زۆر بەپەرۆشن و بەدەم بانگەوازەکەی ئێمەوە هاتون، ئێمە ناوی سەرجەمیانمان لایە و رۆژانە بۆ خۆمان تەلەفۆنیان بۆ دەکەین بۆ وەرگرتنی خوێن لێیان، تیمەکە رۆژانە توانای هەیە خوێن لە 70 کەس وەربگرێت.

وتیشی، “لەبەر ئەوەی چەمچەماڵ پایتەختی شەهید و ئەنفالە، تیمەکە ئەمە حەوتەم جارە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن، سێ جار لە چەمچەماڵ، دوو جار لە کۆیە و جارێكیش لە گەرمیان، زیاتر لە دوو هەزار کەس نموونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە”.

“ئەمە باجی کوردبوونمانە دەیدەین، تەمەنم چوار ساڵ بوو کاتێک باوکم بێسەروشوێن کرا، ئێستاش بەو ئاواتەوە دەژیم کە بیبینمەوە، دوای زیاتر لە 35 ساڵ تازە ئومێدمان نەماوە بە وەرگرتنی ئەم خوێنانە، ئەوەی لای بەرپرسان گرنگ نەبێت ژیانی ئێمە و نەوەکانی ئێمەیە”، سروە عومەر کەسوکاری ئەنفالە وای وت.

تیمى بەشداربووانى هەڵمەتەکە پێکهاتوون لە بەشى پزیشکیى دادوەریى بەغدا و بەشى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنان لە دەزگاى شەهیدانى عێراق، بە هەماهەنگى لەگەڵ نووسینگەى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمى یەکەمى عێراق و کۆمیسیۆنى نێودەوڵەتى ونبووەکان ICMP.

لە پرۆسەی ئەنفالی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988، كە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی دا، بە گوێرەی راپۆرت و بەڵگەنامەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، زیاتر لە 182 هەزار هاوڵاتی كورد ئەنفال و جینۆساید كران و تا ئێستا بەشێكی كەمی رووفاتی ئەو هاوڵاتییانە گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا