هێز جوڵەى پێکراوە؟

شانەی راگەیاندنى ئەمنی لەبارەى جوڵەى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەوە روونکردنەوە دەدات

964+

وریا فەتاح

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە جوڵەی سەربازیی تاکلایەنە دەکەن لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، جەختیش دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بەشێوەیەکی هاوبەشە و لەژێر فەرماندەیی و هەماهەنگیی باڵادایە.

لە راگەیەندراوێکدا کە کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردووەتەوە، شانەی راگەیاندنی دەڵێت، “هەندێک میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵێکی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە گوایە جوڵەی سەربازی لەلایەن سوپای عێراق، حەشدی شەعبی یان پێشمەرگەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە.”

شانەکە ئەو هەواڵانەی بە ناڕاست وەسف کردووە و رایگەیاندووە، “ئەو ناوچانە لەژێر بەڕێوەبردنی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندان، بە فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هاوبەش و یەکگرتوو، هەروەها بە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز بۆ پاراستنی ئاسایشیان.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەنێوان سەرجەم یەکە و پێکهاتە ئەمنییەکان بەردەوامن و هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی داهاتووش لە ئارادایە و پەیوەندی لە نێوان سەرکردە باڵاکاندا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبارەی شەڕی دژی تیرۆرەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختیشى کردووتەوە کە هیچ جوڵەیەک لەلایەن یەکەکانی وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەوە لە دەرەوەی پێگە ئێستاییەکانیان ئەنجام نەدراوە، تەنها ئەرکەکان بە هاوکاری و کاری هاوبەش جێبەجێ دەکرێن.

داواشى کردووە، پێویستە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گواستنەوەى هەواڵە ئەمنییەکان پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، بۆ ئەوەی هەواڵی ناڕاست بڵاو نەکەنەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دادەنێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا.

زیاتر دێت….