سوودێکى زۆرى دەبێت بۆ هاتووچۆى هاوڵاتیيان
کارکردن لە پڕۆژەیەکى ستراتیژى هەولێر بەردەوامە
964+
محەمەد فاتیح
کارکردن لە پرۆژەی جووتسایدی ( کەسنەزان – دەربەندی گۆمەسپان ) بەردەوامە و بە تەواوبونی رۆڵێكی زۆری دەبێت لە كەمكردنەوەی قەرەبالغى سەر رێگەكە.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە لە سەر بڕیار و راسپاردەى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەستکراوە بە کارکردن لە پڕۆژەی جووت سایدی ( کەسنەزان – دەربەندی گۆمەسپان ).
دەشڵێت، ” درێژيى رێگەكە 15.5 كیلومهتره و 40 ئاوهر و چوار بهرزه پرد و یەك ژێر پرد لەخۆدەگرێت و پڕۆژەیەکى ستراتیژيى و گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێره و بە تەواوبوونى سوودێکى زۆرى دەبێت بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان و گەشتیاران و کەمکردنەوەى قەرەبالغى سەر رێگەكە، کە پێشتر یەک لاین بووە و رووداوى نەخوازراوى لێکەوتۆتەوە”.
“پڕۆژەکە هاوتەریب لەگەڵ هەردوو پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژى سنوورەکە (دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی) و جووت سایدى رێگەى سەرەکى (هەولێر – كۆیە) کارى تێدا دەکرێت”.
لەلایەكی دیكەوە كاركردن لە پڕۆژەی رێگەی هەولێر – كۆیە بەردەوامە و قۆناغی یەکەمی بەرەو کۆتایی دەڕوات و بڕی 435 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا و بە تەواوبوونی ماوەی نێوان ئەو دوو شارە لە کاتژمێرێکەوە بۆ كەمتر لە نیو کاتژمێر كەم دەبێتەوە.
پارێزگای هەولێر دەڵێت، “كاركردن لە پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر – كۆیە بەردەوامە و ئێستا پرۆژەكە لە قۆناغی بڕین و پڕكردنەوە و خۆڵكارییە و تاوەكوو 20 كیلۆمەتر كە دەگاتە نزیك دێگەڵە ڕۆیشتووە، زیاتر لە ملیۆنێك مەتر سێجا كاری بڕین و زیاتر لە ملیۆنێك مەتر سێجاش پڕكردنەوە كراوە، هاوكات دەست بە ئاوبەرە كۆنكرێتییەكان كراوە و قۆناغی زۆر باشی بڕیوە”.