ئەندەرپاسی فاروق چارەسەری چوار گەڕەک دەکات
پرۆژەی ئەندەرپاسی فاروق دەچێتە بواری جێبەجێکردن
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
پرۆژەیەکی ئەندەرپاس لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت، لە بەردەم نەخۆشخانەی فاروقەوە قەرەباڵغی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە تاوەکو چوار گەڕەکی پشتی نەخۆشخانەکە.
پرۆژەکە لەلایەن فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری شارەکەوە دەکرێت، ماوەی ساڵێکی بۆ دانراوەو هەر بەناوی ‘فاروقی مەلا مستەفا’ ناونراوە.
تێچووی پرۆژەکە بە حەوت ملیار و ٣٠١ ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.
زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە میدیازانی وت، پرۆژەکە بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و ئەو یو-تێرنەی لە بەردەم نەخۆشخانەی فاروقدا هەیە.
بەگوێرەی دەرخستەی پرۆژەکە، شەقامی ٦٠ مەتری بە گەڕەکەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، كازیوە، هیوا و پەری گرێدەدرێتەوە.
بە وتەی بەرپرسانی هاتوچۆی سلێمانی، کێشەی رێگاوبان لەو شارەدا بەرچاوە، بەوەی هێشتا شەقامی ١٠٠ مەتری تەواو نەبووە و هەموو فشارەکان تەنیا لەسەر شەقامی ٦٠ مەترییە.