بە ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل نرخی نەوت داڕما
هاتەوە خوار 70 دۆلار
بە ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل نرخی نەوت داڕما
964+
شۆڕش قادری
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و هەر بەرمیلێک نزیکەی 8 دۆلاری لێبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24.6.2025 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 57 سەنت دیاری کراوە و بەراورد بە دوێنێ ئێوارە نرخەکەی 2.67٪ دابەزیوە.
هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوت تەکساس بە 66 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخەکەی 2.74٪ دابەزیوە.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە ماوەى کەمتر لە دوو هەفتەدا نرخى هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا، هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ داخستنى گەروى هۆرموز، نرخى یەک بەرمیلى بۆ دەورووبەری 79 دۆلار بەرز کردەوە، بەڵام هەر لەگەڵ قسەکەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرباری ئاگربەستی نێوان تاران و تەلئەبیب، نرخی نەوت یەکسەر داڕما و هاتەوە بن 70 دۆلار.