"شەڕیش بێ هەڵبژاردن دەکەین"

ئەگەر درێژی نەکەنەوە تەنیا ئەمڕۆ و سبەی ماوە بۆ بایۆمەتری

964+

ئەحمەد مستەفا

کۆمسیۆن دەڵێ، ناوەندەكانمان بەدرێژايی رۆژانی ھەفتە كراوەن بەڕووی هاوڵاتیان بۆ نوێ كردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران و دابەش كردنەوەی كارتی دەنگدان، هەروەها وەرگرتنەوەی فۆرمی بوون بە کارمەندی رۆژی دەنگدان.

پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 25.3.2025 دەستیپێکردووە و تا 20.6.2025 بەردەوام دەبێت، بەو پێیە بێت ئەمڕۆ و سبەی وادە و کات ماوە، ئەگەر کۆمسیۆنی وادەکە درێژنەکاتەوە.

لە نوێترین لێدوانیدا، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە، کارەکانی کۆمیسیۆن بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم کارەکانی کۆمسیۆندا هەبێت.

لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو وتی، کاریگەری نابێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە 11.11.2025 بەڕێوەدەچێت، دواخستنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنەش بەهۆی شەڕەوە یان هەر هۆکارێکی ترەوە نابێت.

ئەو کارانەی کە کۆمسیۆن بۆتانی دەکەن؛

🔹زیادکردن ؛ بۆ ئەودەنگدەرانەی ناویان لە ھیچ جۆرە داتایەکدا نییە، بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە:
کارتی نیشتیمانی لەگەڵ کۆبونی خۆراک+کارتی زانیاری .
🔹تۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدەر بۆ یەکەمجار و بەتایبەت بۆ لەدایکبوانی (2007) بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە:
(کارتی نیشتیمانی یان {پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی} لەگەڵ کۆبونی خۆراک .
🔹گواستنەوەی ناوەندی دەنگدان ، بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە (کارتی نیشتیمانی یان {پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی} +کارتی زانیاری لەگەڵ کۆبونی خۆراک کە لەساڵی2020-2021 دەرچوبێت تایبەت بەو پارێزگایەی دەیەوێت دەنگدانەکەی بۆ بگوازێتەوە بەمەبەستی سەلماندنی شوێنی نیشتەجێبوون لەکاتی داواکردن بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە ،وە یان کارتی نیشتەجێبوون لەکاتی نەبوونی کۆبونی خۆراک کە تەنھا بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدان لە ناو سنوری یەک پارێزگا .
🔹ڕاستکردنەوەی ناو یان ھەر ھەڵەیەکی دیکە لە زانیاری دەنگدەر،بەڵگەنامەی پێویست بۆ ئەم حاڵەتە بریتیە لە:
(کارتی دەنگدانی کۆن ئەگەر ھەبێت+کارتی نیشتیمانی یان {پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی} لەگەڵ کۆبونی خۆراک .
🔹سڕینەوەی ناوی مردووان،بەڵگەنامەی پێویست بریتیە لە :
(وێنەیەک لە بەڵگەنامەی مردووان یان وێنەی سڕینەوەی تۆمار یان قسام شرعی)
🔹 تۆمارکردنی کارمەندانی ھێزە ئەمنیەکان .لە بارێکیشدا گەر کارمەندی ھێزە ئەمنیەکان خانەنشین بووبێت ئەوا دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی خانەنشین بوون دەنگدانەکەی لە تایبەت دەکرێت بە دەنگدانی گشتی.
🔹 تۆمارکردنی ئاوارەی پارێزگاکان،سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی ئاوارەکانی قەزای شنگال دەگرێتەوە بە تەنھا وە بەڵگەنامەکانیان تەنھا بریتیە لە (کارتی نیشتیمانی یان {پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی} لەگەڵ کۆبونی خۆراک.