كێ ده‌بێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

نۆ رۆژه‌ راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستی له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یانه‌كه‌ هێشتا راهێنه‌رێكی دیكه‌ی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌، ناوی چه‌ند راهێنه‌رێك له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی یانه‌كه‌ن.

تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی غازی فه‌هد له‌ مه‌شقی تیپه‌كه‌ له‌ رۆژی 6ـی مانگه‌، تا ئێستا هیچ راهێنه‌رێكی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ و عه‌بدولقادر حوسێن به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی تیپه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت، به‌ تۆڕی 964ـی وت، سی ڤی چه‌ند راهێنه‌رێكی بیانی و ناوخۆی عێراق له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی یانه‌ی هه‌ولێرن، بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن.

وتیشی، كارگێڕیی یانه‌كه‌ بڕیاریان داوه‌ تا دوای یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز، بابه‌تی راهێنه‌ر باس نه‌كه‌ن، له‌ دوای یارییه‌كه‌ بڕیارێك له‌ باره‌ی هێنانی راهێنه‌رێكی نوێ بهێنن.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی عێراق رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی نه‌ورۆز ده‌بێته‌وه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریی رابردوویدا له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ر عه‌بدولقادر حوسێن، له‌ خولی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌ی زاخۆ یه‌كسان بوو.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ و دوای دوو یاری، راهێنه‌ر نزار مه‌حرووسی دوورخسته‌وه‌ و غازی فه‌هد هاته‌ شوێنی، به‌ڵام ئه‌ویش رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ خولی عێراق بارودۆخی خراپه‌ و ئێستا به‌ 14 خاڵ له‌ پله‌ی 16ـی ریزبه‌ندییه‌.