تەندروستی هەولێر: سەرقاڵبوون بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکە لە رێگاکانی وازهێنان لە جگەرەکێشان
سەرقاڵبوون بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکە لە رێگاکان
“چەند رێگایەکی زۆر ئاسان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان”
964+
شۆڕش قادری
هەرچەندە سەرقاڵبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک نەخۆشییەکی باوی لێهاتووە و بەردەوام رێنمایی دەدرێت بۆ دوورکەوتنەوە لێیان، بەڵام بەقسەی تەندروستی هەولێر، دەوای دەردی جگەرەکێشانەوە و دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ وازهێنان لەو موسیبەتە گەورەیە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی وازهێنان لە جگەرەکێشان بوو و بەو بۆنەیەشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، چەند رێنماییەکی داناوە و دەڵێت، بڕیار بدە بەیەکجاری واز لە جگەرەکێشان بهێنی، ئەگەرهاتوو بڕیارتدا ئەوە دەبێت بەنیوەی جەنگەکە، چەند رێگایەکی کاریگەر هەیە ئەگەر بێتو جێبەجێی بکەی ئەوا رەنگە بەیەکجاری واز لە جگەرەکێشان بهێنیت.
رێگاکانیش ئەمانەی خوارەوەن؛
1- خۆت ئامادە بکە بۆ ئەوەی بەتەواوی وازی لێبهێنیت؛ ئەگەر بێتو بڕیار بدەی کە واز لەجگەرە بهێنی، ئەوا دەبێت ئەم کارانە بکەی
2- بەهاوڕێ وهاوپیشە و خێزانەکەت بڵێ کە تۆ بەیەکجاری واز لەجگەرەکێشان دەهێنی
3- هەموو ئەو جگەرانەی کەپێتە فڕێیان بدە
4- هەوڵبدە شتێک بمژی وەک نوقلێکی ڕەق، شەکری کڵۆ یان گێزەر
5- هەرکات هەستت بە بێتاقەتی کرد بچۆ خواردنەوەیەک بخۆرەوە وەک قاوە و چا
6- هەوڵبدە سیستەمێکی پشتگیری دروست بکەی بۆ ئەوەی هاوکارت بن وەک ئەندامانی خێزانەکەت
7- داوا لە هاوڕێ و هاوپیشەکانت بکە کە لەدەوری تۆدا جگەرە نەکێشن
8- ئەگەر هاتوو زۆر ماندوو بووی، بیر لەکارەکەت بکەرەوە، بیربکەرەوە چۆن کارەکانت ئەنجام بدەی.
9- هەمیشە هەوڵبدە خۆت سەرقاڵ بکەی
10- ئاو و شەربەت زۆر بخۆرەوە
11- لەوکەسانە دور بکەوە کە جگەرە دەکێشن
12- هەوڵبدە بنێشت بجووی
13- خۆت سەرقاڵ بکە بەبەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان
هەموو ساڵێک لە 31ـی ئایار، جیهان رۆژی جیهانیی بێ تووتن (World No Tobacco Day) بەرز رادەگرێت. ئەم رۆژە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)ــەوە دەستنیشان کراوە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی تووتن و هاندانی وازهێنان لە جگەرەکێشان و هەموو جۆرەکانی تری بەکارهێنانی تووتن.