ڤیدیۆیەکى 964 دەنگ دەداتەوە
“حەجى خۆم دەگۆڕمەوە بە پاداشتى فرمێسکەکانت”
وریا فەتاح
“مادام ناتوانم سەفەرى ماڵى خوا بکەم و بچم بۆ حەج تازە من هیچم ناوێت لە دونیا”، ئەمە قسەى ئەسعەد محەمەد ئەو پیاو دنیادیدەى گەرمیان کە لە کاتى بەڕێکردنى کاروانى حاجیان بەچاوى پڕ لە فرمێسک و قۆڵپى گریانەوە بۆ 964 قسەى دەکرد.
ڤیدیۆکە دەنگدانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، عەباس ساڵح مامۆستایەکى ئاینى ناوچەى شارەزوو لەسەر ئەم ڤیدیۆیە پەیامێکى ڤیدیۆى بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەو گریانە ئاگرى لەجەرگم بەردا، خۆزگە دەسەڵاتم هەبوایە بە تەیارەیەکى تایبەت بمناردایە بۆ حەج.
پەیامیشى بۆ مامە حاجییەکە هەیە و دەڵێت: ئەوەى لەدڵتە بەستە، خواى گەورە ئاگاى لە دڵتە، نەک من هەزارانى وەک من خۆزگە بە دڵت دەخوازن.
مامۆستا عەباس ساڵح
ئەگەر ناوم بۆ حەج بگەڕایەتەوە، حەجەکەى خۆم دەدا بە تۆ، تۆش پاداشتى فرمێسکەکانت پێ بدابام
ئەسعەد محەمەد، پیاوە دنیادیدەکەى گەرمیان، بەهۆى تەمەنییەوە ناوى لە تیروپشکى حەج دەرنەچوو، بەڵام هاوسەرەکەى گەشتى سعودیەى کرد و ئەویش لە کاتى بەڕێکردنى چاوەکانى پڕببون لە فرمێسک و گریان لە قوڕگیدا گیرى کردبوو و بە سۆز و میهرەبانییەوە دەیگوت،”من هیچم ناوێ جگە لە چوون بۆ حەج”.