''ئەوەی بە دیپلۆماتە گەورەکان نەکرا تۆ کردت''
میدیای ئێرانی: نوخشە ناسیح یاسا و رێکارە دیپلۆماسییەکانی ئێرانی شکاندووە
+964
وریا فەتاح
لەسەر لابردنی سەرپۆشەکەی پارێزگاری هەڵەبجە میدیا ئێرانییەکان هاتوونەتە دەنگ و نووسیویانە نابێ ئەمە قبوڵ بکرێت، خەڵکەکەش لە کۆمێنت بۆی نوسیوون ”ئەوەی بە دیبلۆماتە گەورەکان نەکرا نوخشە ناسیح کردی”.
ئاژانسی خەبەرگزاری فارس وێنەی نوخشە ناسیحی داناوە کە لە نێوان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری دهۆکدا دانیشتووە، بەپێی وێنەکە بێت ئەو رۆژەیە، کە هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێم دەچوون بۆ لای مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران، لەو وێنەیەدا بە پێچەوانەی باقی رۆژەکانی تر پارێزگاری هەڵەبجە سەرپۆشەکەی لابردووە.
سەرنجی میدیا ئێرانییەکان لەسەر ئەوەیە لابردنی سەرپۆش بە تایبەتی لە کاتی سەردانی فەرمی و پرۆتۆکۆڵیدا ”هێڵی سوورە”.
بەڵام ئەگەر تەماشای کۆمێنتی سەر پۆستەکان بکەیت، بەشی زۆری خەڵکەکە بە زمانی فارسی دەستخۆشییان لە نوخشە ناسیح کردووە و دەڵێن دیپلۆماتە ئەوروپی و بیانییەکان نەیانوێراوە پێشتر ئەوە بکەن.
یاسای حیجابی زۆرەملێ مقۆمقۆی لەسەرە، خەڵکێکی زۆر دژین و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش سوورن لەسەر سەپاندنی.
بە تایبەتی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی 2022 و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ”ژن ژیان ئازادی” خەڵکێکی زۆر لابردنی لەچکیان کردووەتە هێمای لە دژ وەستانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە مەیدان و شوێنە گشتییەکاندا لایدەبەن.