رووباری خابوور لە زاخۆ. وێنە: 964
"هیوادارین بەڵێنەكە ببەنەسەر"
توركیا بەڵێنی داوە ئاوی پێویست بۆ عێراق بەربداتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، توركیا بەڵێنی داوە ئاوی پێویست بۆ عێراق بەربدەنەوە، هیواشی خواست لایەنی توركیا بەڵێنەكەیان ببەنەسەر.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق عەون زیاب بە كەناڵی فەرمیی عێراقی راگەیاند، لە سەردانی ئەمدواییەی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ توركیا، دۆسیەی ئاو بە گرنگییەوە قسەوباسی لەسەر كرا و عێراق داوای كرد گەرەنتی بدرێت لە بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ خاكی عێراق، بە تایبەتی لە هاوین و وەرزی وشكەساڵی و بێ ئاویی ئەمساڵ و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا.
وتیشی، توركیا بەڵێنیان دا ئاوی پێویست بەربدەنەوە و ئەوانیش بەڵێنیان دا كە داواكارییەكە جێبەجێ بكەن و ئاوی پێویست بەربدەنەوە.
“بەهیواین توركیا بەڵێنەكەی خۆی بباتەسەر”، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق وای وت.
عەون زیاب، كە شەوی رابردوو بۆ كەناڵەكە قسەی كرد، ئاشكراشی كرد، لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەبێت سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، بە تایبەتی بابەتی رووباری كاڕون.
بە قسەی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، عێراق داواكاریی ئەوەی هەیە بڕی پێویستی ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە، بۆ ئەوەی پانتایی خوێ زیاتر نەگاتە شەتولعەرەب، هەروەها سەرچاوەی دیكەی ئاویش هەیە لە ئێرانەوە دێتە عێراق، بە تایبەتی رووباری سیروان، كە ئاوەكەی بەشێكی دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخان و هەروەها ئەو سەرچاوەیەی ئاوەكەی دەڕژێتە بەنداوی حەمرین.