دیمەنێک لە کاروانێکی حاجیانی کوردستان - فۆتۆ: 964
14ی مانگ یەكەم كاروان بەڕێدەكەون
كاروانی حاجییەكان بە كامێرا و ئامێری پێشكەوتوو چاودێریی دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی عێراق، كە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی كاروانی حاجییانە، رایگەیاند رێگای کاروانی حاجییەكان لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بە تەواوی پارێزراو دەبێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم، کەرەستە و کامێرای پێشكەتووی چاودێری.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، “وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەممەری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کردووە، کە تێیدا سەرۆکی دەستەی حەج و عومرە و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە سەرکردە ئەمنییەکان و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، جگە لە سەرجەم فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەکانی پۆلیسی هەموو پارێزگاکان، كە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداربوون، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی كاروانی حاجییان بەرەو بۆ خاکی پیرۆز”.
ئاماژە بەوەش كراوە، وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەرکی لیژنەی باڵای ئاسایشە، كە ئاسایش بۆ کاروانی وشکانی حاجییان دابین بكات، هەروەها بۆ ئەو کاروانانەی بەرەو فڕۆکەخانەکانیش دەڕۆن.
هەروەها باسی ئەوە كراوە، یەکەم کاروانی حەج لەمساڵدا لە 14ی ئەم مانگە بەڕێدەکەون، رێگەی ئەو کاروانانە بە تەواوی پارێزراو دەبن لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم و کەرەستە و کامێرای چاودێری، جگە لەو هەنگاوانەی بۆ ئەو مەبەستە دانراون، لەناویاندا ئاسایشی تەواوەتی ناوچەکانی کۆبوونەوەی حاجیان.
لە هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرۆكی شاندی حاجییان نیاز شێخ راغیب بە 964ی داوە، رۆژی 16.5.2025، یەکەم وەجبەی زیارەتکارانی حەج، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرە وڵاتی سعودیە بەرێ دەکەون، ئەمساڵ هەرێمی کوردستان، پێنج هەزار و 136 حاجی ناویان هاتووەتەوە بۆ بەشداریكردن لە ئەنجامدانی فەریزەی حەج.