"وامانزانی بوومەلەرزە بوو"
دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە گوندی سگێرێ بیسترا
هێڤی دێوالی-دهۆک
دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە گوندی سگێری بیستراوە، گوندنشیانی دەوروبەری گوندەکەش دەڵێن، دەنگێکی بەهێزمان بیستووە و لەگەڵ دەنگەکە وامانزانی بوومەلەرزە روویدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە2025.5.4، لە نزیک کاتژمێر 6:35 دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە گوندی سگێرێ لە نزیک خاڵی سەربازی تورکیا بیسترا لە سنووری قەزای ئامێدی .
حەسەن سەدیق، دانیشتووی گوندی سەرگەلێ، كە نزیکە لە دەوروبەری گوندی سگێرێ، چەند گرتە ڤیدیوییەکی شوێنی تەقینەوە و دوکەڵی بۆ 964ی ناردوە و دەڵێت، لەناو حەوشی ماڵەکەمان دانیشتبووین و لەناکاو گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بوو و گومان دەکرێتTNTبێت، وامانزانی بوومەلەرزە روویداوە، پەنجەرە و دەرگاکەکان لەرینەوە.
وتیشی، ئەم ئێوارەیە نزیکەی سێ جار گوندی مژێ و کەڤنە مژێ دەڤەری بەرگارە لەلایەن سوپای تورکیا بوردۆمان کران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک خاڵی سەربازی توركیا لە گوندی سگێرێ بیستراوە، بەڵام نازانرێت زیانی گیانی هەبووە یان نا، لە دەڤەری بەرگارە بە بەردەوامی لە دەوروبەری گوندەکان بوردۆمان هەبووە لە نێوان پەکەکە و تورکیا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا