لە بۆکان

نزیکەی 20 سەر ئەسپ بە سەربڕاوی دۆزرانەوە

شۆڕش قادری

قەیرانی دارایی و خراپی رەوشی گوزەرانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وایکردووە کە کەسانی هەڵپەرست و بێ ویژدان دەست بۆ کاری نامرۆڤانە و دوور لە رەوشتی ئینسانی بەرن، ئەوەتا لە شاری بۆکانـی سەربە پارێزگای ورمێ، نزیکەی 20 سەر ئەسپ بە سەربڕاوی دۆزراونەتەوە و ئەم بابەتە خەریکە دەبێتە دیاردە و خەڵک ترساون.

ئیسماعیل محەمەدیانی بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری بۆکان بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاندووە، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ئاگادار کراونەتەوە کە لە نێوان گوندی ئەحمەدئاوای بۆکان و قەلەندەری سەقز لەسەر رێگای سەدی بۆکان، نزیکەی 20 سەر ئەسپ دۆزراونەتەوە، دەستبەجێ چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بەسەر لاشەی ئەسپەکاندا گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لاشەی ئەسپەکان لەناو کیسەی خۆڵ و عەلاگەدا بوون و سەرجەمیان لەناو بردوون.

محەمەدیان خەڵکی بۆکانی دڵنیاکردووتەوە کە تیمەکانیان بەردەوام چاودێری چێشتخانە و خواردنگەکان دەکەن و نایەڵن ئەو جۆرە گۆشتانە لەناو بازاڕدا ساغ بکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردووش لە شاری قوروەی سەربە پارێزگای سنە، دوو تۆن گۆشتی ئەسپ و ژمارەیەک گوێدرێژ و ئەسپی زیندوو دەستیان بەسەردا گیرا کە دەویسترا گۆشتەکەیان لەبازاڕدا بفرۆشرێت، لە پەیوەندی بەو رووداوەش پێنج کەس دەستگیر کران.