وەزارەتی تەندروستی رێنمایی بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون دەرکرد
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم
پێویستە ئاژەڵ لە ناو سەربڕخانە رێگەپێدراوەكان سەرببڕێن”
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی تای خوێنەربوون لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەكی بڵاوكردەوە، بە مەبەستی خۆپاراستن لە پەتاكە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی هەینی رێنماییەكانی بڵاوكردەوە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، چەند رێنماییەکی راگەیاند.
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕخانانەدا بێت، کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێن.
3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن، دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی، گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردرێ.
5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت، هەروەها پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
8- باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى 24 كاتژمێر لە پلەى (4-8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.
دوێنی هەینی یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە قەزای كۆیە راگەیاندراو، كە قەسابێكە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و تەندروستیی جێگیرە.