زانکۆى سۆران

تەنەکە خۆڵێکی زیرەک خۆی پاشماوەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە

ئاکام غەفور- سۆران

ژمارەیەک خوێندکارى زانکۆى سۆران، تەنەکەى خۆڵى زیرەکیان دروستکردووە کە تەنەکەکە مادەکانى ناوى لەیەکترى جیادەکاتەوە و رێگەنادات تێکەڵى یەکترى ببن.

تەنەکەى خۆڵى زیرەک، داهێنانێکە دەتوانێت هاوکارى خانمان و هەموو ماڵێک بکات بۆ جیاکردنەوەى ئەو پاشماوانەى رۆژانە بەکارى دەهێنن.

فەهدی رزگار یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکارى دیکەى هاوڕێى بیرۆکەکەیان داهێناوە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”بەم پرۆژەیە کێشەی تێکەڵبوونی پاشماوەی خواردن و ماددەی پلاستیکی و شوشە و ئاسن چارەسەر دەبێت”.

وەک باسى دەکات ئەم تەنەکە خۆڵە، لە سێ بەش پێکهاتووە، پلاستیک و شوشە و مادە شێدارکەرەکان بەجیا دەخاتە هەر بەشێکەوە و ناهێڵێت تێکەڵى یەکترى ببن.

ئاشکراى دەکەن کە پڕۆژەکەیان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ کارگەی ریسایکلین، چونکە پێویستی بە کارمەند نابێت بۆ جیاکردنەوەی ماددەکان.

رۆژین مەسعود، یەکێکی ترە لە هاوبەشانى پڕۆژەکە و بۆ 964 وتى،” پڕژەکەمان وەک نمونەیەک نمایش کردوە، بەڵام دەتوانین پەرەی پێ بدەین و لە تەواوی کوردستان سودی لێ ببینرێت”.

ئەم داهێنانە ئەمڕۆ سێشەممە، لە 11مین کۆنفڕانسی خوێندکارانى زانکۆی سۆران، نمایشکرا و بووە جێگەى سەرنجى بەشداربووان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح