بەم زووانە دەخرێتە بازاڕەكانەوە

بەرهەمهێنانی یەكەم دەرمان بۆ چارەسەری شەكرە لە عێراق راگەیەندرا

964+

محەمەد فاتیح

مژدەیەكی خۆش و بە هیوای تەندروستیەكی باش بۆ ئەو كەسانەی دووچارەی نەخۆشی شەكرە بوونەتەوە و لە هەوڵێكی نوێدا، ئەمڕۆ سێشەممە 29.4.2025 کۆمپانیای گشتی بۆ دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە سامەڕا بەرهەمهێنانی یەکەم دەرمانی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە راگەیاند.

محەمەد عەبدولقادر نعێمی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، “کۆمپانیاکە بۆ یەکەمجار سەرکەوتوو بوو، لە بەرهەمهێنانی حەبی(GLIMEE-M)  بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، ئەمەش بازدانێکی پێشکەوتووی زانستی و پیشەسازییە لەم بوارەدا”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ستافی کۆمپانیاکە توانیویانە 250 هەزار لە حەبە نوێیەکە بەرهەم بهێنن، کە سەلماندوویەتی کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە دابەزاندنی ئاستی شەکر لە خوێندا”.

وتيشى، ئەو بڕەی بەرهەمهێنراوە هاوشێوەی بەرهەمە بیانییە هاوردەكراوەكانە لە رووی کوالیتی و کاریگەرییەوە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی چارەسەرەكە بەپێی نوێترین تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی کەرەستەی رەسەن و متمانەپێکراو و بە شێوازی پێشکەوتوو کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.

کۆمپانیاکە رێکارەکانی تۆمارکردنی ئەو بەرهەمەی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستپێکردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی بەم زووانە بیخاتە بازاڕە ناوخۆییەکانەوە، محەمەد عەبدولقادر نعێمی واى وت.