هیچ بەرپرسێكی وەرزشی ئامادە نەبوو
دوای حەوت رۆژ تەرمی وێنەگری وەرزشی تەڵعەت نوری گەیشتەوە هەولێر
+964
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ئەمشەو تەرمی تەڵعەت نوری، وێنەگری ناوداری وەرزشی گەڕێندرایەوە هەولێر و بە خاك سپێردرا، دوای ئەوەی نزیكەی حەوت رۆژ لەمەوبەر لە وڵاتی ئێران بە نەخۆشییەكی كتوپڕ كۆچی دوایی كرد.
تەڵعەت نوری وێنەگرێکی وەرزشیی ناوداری شاری هەولێرە و لە دووی نیسانەوە گەشتی وڵاتی ئێرانی کردبوو، چوار رۆژ لەوێ دەنگی نەما و پەیوەندی پێوە نەدەكرا، دواتر دەركەوت گیانی لەدەست داوە.
دڵشاد ئیبراهیم، کەسوکاری تەڵعەت نوری بە 964ی وت، “تەڵعەت نوری بە نەخۆشییەکی كتوپڕ لە شەشی نیسانی لە شاری تەبرێز لە وڵاتی ئێران گیانی لەدەستداوە، دوای حەوت رۆژ توانیمان تەرمەکەی بگەڕێنینەوە و هەولێر و هەر ئەمشەویش بە خاكی دەسپێرن”.
باسی لەوەشکرد، لە وڵاتی ئێران ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست بووە تا تەرمەكەیان وەرگرتووەتەوە، ماوەی شەش رۆژ لەوێ دواکەوتووە، بەڵام بە یارمەتی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بارزان قەساب توانیویانە تەرمەكە بگەڕێننەوە.
تەڵعەت نوری وەرزشوانێكی دێرین و فۆتۆگرافەری وەرزشی بوو، ساڵانێكی زۆر لە بواری وەرزش و كاری وێنەگریدا لە یاریگەكانی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر كاری كردووە و بە دەیان هەزار وێنەی رووداوە وەرزشییەكانی كوردستان و عێراقی گرتووە.
964 تێبینیی ئەوەی كرد لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمەكەی و نوێژكردن لەسەری لە مزگەوت، هیچ بەرپرسێكی وەرزشی و حكومی ئامادە نەبوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا